دوای 100 ڕۆژ بەسەر خوێناویترین کۆمەڵکوژیدا... هەزاران بریندار لە ئێران لە چارەسەر بێبەشن


وێستگەنیوز-

هاوکات لەگەڵ تێپەڕبوونی 100 ڕۆژ بەسەر ناڕەزایەتییەکانی مانگی کانوونی دووەمی رابردوو له‌ ئێران، ئەو ڕاپۆرتانەی دەگەنە ماڵپەڕی "ئیندپێندێنتی فارسی" لە شارە جیاجیاکانی ئێرانەوە، دەریدەخەن بەشێکی زۆر لە خۆپیشاندەرە بریندارەکان، بەتایبەتی ئەوانەی بە فیشەکی ساچمە و روخساریان بریندار بووه‌، نەک هەر بەدەست لێکەوتە جەستەییە هەمیشەییەکانەوە دەناڵێنن، بەڵکو لە سایەی کەشی ئەمنیی زاڵدا، لە دەستڕاگەیشتن بە چارەسەری گونجاویش بێبەش کراون.

ماڵپەڕی "ئیندپێندێنتی فارسی" ڕایگەیاند هەزاران بریندار لە شارەکانی وەک تاران، کەرەج، ئەسفەهان، مەشهەد، هەمەدان، ئابدانان، کرماشان، ئەهواز، دوورگەی قیشم، بابول و ڕەشت، جگە لە شارەکانی دیکەی باکوور، باشوور و ڕۆژئاوای ئێران، تا ئێستاش بەدەست کێشەی بینین، ئازاری درێژخایەن و زیانی دەمارییەوە دەناڵێنن، بەتایبەت ئەوانەی فیشەکی ساچمە بەر چاو یان روخساریان کەوتووە.

گەنجێکی تەمەن 27 ساڵ لە تاران کە لە خۆپیشاندانەکانی ئێوارەی 8ی کانوونی دووەمی ڕابردوودا چاوی بریندار بووە، دەڵێت:

"چاوی چەپم بەتەواوی لەدەستداوه‌، پزیشکەکە وتی پێویستت بە نەشتەرگەرییە، بەڵام پارەم نییە و ناوێرم سەردانی نەخۆشخانە حکومییەکانیش بکەم. چەندین جار پێمان وتراوە ئەگەر دەرکەوت لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا بریندار بووین، ڕەنگە به‌م حاڵه‌شمه‌وه‌ دەستگیر بکرێین. ئێستا تەنها بە ئازارشکێن و قەترەی چاو دەژیم. هیوام بە ژیان نەماوە".

لە ئەسفەهان، خۆپیشاندەرێکی دیکە کە قاچ و کەلەکەی بە فیشەکی ساچمە بریندار بووە، دەڵێت: "هێشتا نزیکەی 38 ساچمە لە جەستەمدایە. پزیشکەکە وتی دەبێت دەربهێنرێن، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە مەودایەکی زۆر نزیکەوە، تەقەم لێکراوە، ساچمەکان بەتەواوی چوونەتە ناو جەستەمەوە، ئەمەش تێچووی نەشتەرگەرییەکە گران دەکات و دەترسم ئەگەر بچمە نەخۆشخانەیەکی حکومی، ڕاپۆرتم لەسەر بدەن".

بە وتەی ئەو، زۆرێک لە بریندارەکان پەنا بۆ چارەسەری ناوماڵ دەبەن یان سەردانی ماڵی پەرستار و پزیشکه‌كان: "زۆر کەس شەوانە و بە نهێنی، دەچنە لای ئەو پزیشکانەی ئامادەن بەبێ تۆمارکردنی فەرمی پشکنین و چارەسەریان بۆ بکەن. بەڵام کێشەکە ئەوەیە چارەسەری ناوماڵ هەر بە ڕووکەشی دەمێنێتەوە و توانای ئەنجامدانی نەشتەرگەریی تێدا نییە".

لە مەشهەد، خوێندکارێکی تەمەن 24 ساڵ کە لە دەموچاو و ملیدا بریندار بووە، دەڵێت: "سەرەتا تەنها برین بوو، بەڵام ئێستا تووشی هەوکردن بووە. تەنانەت کاتێک چوومە لای پزیشکێکی تایبەت کە دەیناسم، وتی کردنەوەی پەراو (فایل) لە نەخۆشخانەدا، ڕەنگە کێشەت بۆ دروست بکات. نازانم ئایا وازی لێ بهێنم بەبێ چارەسەر تا دۆخم خراپتر دەبێت، یان چارەسەر بکەم بە ئەگەری ناسینەوە و دەستگیرکردنم. ئایا پزیشکێکی جێی متمانە دەناسن؟"

ئەم دۆخە تەنها نەخۆشەکان ناگرێتەوە، بەڵکو ستافی پزیشکیی ئێرانیش دەگرێتەوە کە سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ مانگ بەسەر ناڕەزایەتییەکاندا و لە کەشێکی جەنگیدا، ڕووبەڕووی فشار و هەڕەشەی ئەمنیی توند دەبنەوە.

له‌م باره‌یه‌وه‌، پزیشکێک لە تاران دەڵێت: " لە ڕۆژانی دوای ناڕەزایەتییەکان، جگە لە دەستگیرکردنی دەیان پزیشک و پەرستار لە دەوروبەرمان، چەندین جار نووسراوی فەرمی بۆ هەموو کلینیک و نەخۆشخانەکان نێردراوە و پابەندمان دەکات حاڵەتەکانی بریندارانی ناڕەزایەتییەکان، بگه‌یه‌نین بە بەشەکانی سیكورتی وەزارەتی تەندروستی و نەخۆشخانەکان. بێگومان من و زۆرێک لە هاوکارەکانم ئەمە ناکەین، بەڵام تەنها تا ئاستێکی دیاریکراو دەتوانین سەرکێشی بکەین، چونکە ئەگەر ئاشکرا ببین، دەستگیر دەکرێین و ڕەنگە مۆڵەتی کارکردنیشمان بە ئاسانی لێ بسەندرێتەوە".

لە کەرەج، هاووڵاتییەکی ناڕازی دەڵێت: "یەکێک لە هاوڕێکانم چاوی بە فیشەکی ساچمە بریندار بوو. کاتێک چوو بۆ نەخۆشخانە، بە ساردییەکی زۆرەوە پێشوازی لێکرا و دواتر بە ناڕاستەوخۆ پێی وترا، باشترە جارێکی دیکە سەردانیان نەکاتەوە. زۆر کەس لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا، نەچوونەتە نەخۆشخانەکان و به‌رگه‌ی ئازاره‌كه‌ ده‌گرن، نەک جارێکی دیکە ڕووبەڕووی ڕاوەدوونان ببنەوە.

لە مانگی كانونی دووه‌مه‌وه‌، کارمەندانی حەراسەت لە نەخۆشخانەکان، بەردەوام بەسەر بەشە جیاجیاکاندا دەگەڕێن بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە پزیشکەکان ناوی بریندارانی خۆپیشاندانەکان، تۆمار ناکەن یان ناوی نەخۆشییەکەیان ناگۆڕن".

لە ڕۆژئاوای وڵات، بەتایبەتی لە شارەکانی وەک خورەماوە، ڕاپۆرت لەسەر حاڵەتی مەترسیدارتر لە برینی جەستەیی دراوە. یەکێک لە دانیشتووانی ئەم شارە دەڵێت: "کەسانێک دەناسم توانای بینینیان زۆر کەم بووەتەوە یان خەریکە بەتەواوی لەدەستی دەدەن، جگە لەوەی هەندێکیان بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکی ڕاستەقینە، تووشی پەککەوتنی تەواوەتی بوون و ناتوانن بڕۆن و دەڵێت: "کێشەکە تەنها جەستەیی نییە، زۆر کەس بەدەست تێکچوونی دەروونیی توندەوە دەناڵێنن. گۆشەگیر بوون و وەک پێشتریان لێ نەهاتووەتەوە".

لە سایەی ئەم بارودۆخەدا، زۆرێک لە خێزانەکان تێچووی دارایی زۆر قورسی چارەسەرییان کەوتووەتە سەرشان. باوکێک لە تاران کە کوڕەکەی لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا بریندار بووە، دەڵێت: "بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی سادە، داوای 230 ملیۆن تمەنیان لێکردین، (نزیکەی 3 هه‌زار و 800 بۆ 4 هه‌زار دۆلار). ئەو پارەیەمان نەبوو، ناچار بووین زێڕی هاوسەرەکەم بفرۆشین".

ڕاپۆرتەکان دەریدەخەن لە هەندێک حاڵەتدا، شوێنەواری برینەکان بە ئەنقەست دەشاردرێنەوە. هاوڵاتییەکی ئەسفەهانی دەڵێت: "زۆر کەس تەنانەت بە نزیکترین کەسیشیان ناڵێن بریندارن، لە ترسی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌كو هه‌واڵی برینداربوونه‌كه‌ی بڵاوببێته‌وه‌".

ئەم واقیعە، بووەتە هۆی دروستبوونی ئەوەی دەتوانرێت وەک "قەیرانێکی بێدەنگی برینداران" لە نێو توێژێکی کۆمەڵگەی ئێرانیدا وەسف بکرێت، ئەمە دوای ئەو ناڕەزایەتییانەی کە بەپێی وتەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، زیاتر لە 45 هەزار کوژراوی لێکەوتەوە.

لە سایەی ئەم قەیرانەدا، هەزاران کەس تووشی برینی قورسی جەستەیی و دەروونی بوون، بەبێ دەستڕاگەیشتن بە چارەسەری گونجاو و لە بێدەنگیدا دەژین.

وته‌ی شایه‌تدحاڵه‌كان، وێنەی نەوەیەک ده‌خه‌نه‌ڕوو‌، نەک هەر لە شەقامەکاندا ڕووبەڕووی تەقەی ڕاستەوخۆ و فیشەکی ساچمە بووەتەوە، یان لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا تووشی پێشێلکاریی توند بوونه‌ته‌وە، بەڵکو دوای ئەوەش، لە ڕێڕەوی چارەسەرکردندا، ڕووبەڕووی ئاستەنگ و فشاری جۆراوجۆر بووەتەوە.

نەوەیەک برینێکی هەڵگرتووە، شوێنەوارەکەی تەنها لەسەر جەستە نەماوەتەوە، بەڵکو بۆتە هۆی تێکچوونی تەواوی ژیان و داهاتووی.


AM:11:14:27/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت