دانیشتووانی تاران نیگهرانن لە بڵاوبوونەوەی "حەشدی شەعبی" لە بازگەکانی ناو شارهكان
وێستگەنیوز-
لە کاتێکدا ئاگربەست، لە نێوان ڕژێمی ئێران و هاوپەیمانیی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل، بەرقەرارە و هیچ ئاماژەیەک بۆ هەڵگیرسانەوەی شەڕ نییە، ڕاپۆرتە ناوخۆیییەکان لە ئێران و بەتایبەت لە تاران، باس لە دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی سەرکوتکردن دەکەن.
ئەم ڕاپۆرتانە، ئاماژە بەوە دەدەن بوونی هێزە نیمچە سەربازییە بیانییەکان، لەوانەش چەکدارانی "حەشدی شەعبی"ی عێراق، چیتر کاتی و کورتخایەن نییە، بەڵکو بووەتە بەشێکی هەمیشەیی لە سیستمی ئەمنیی و سەربازیی ناو شەقامەکان، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئهگهری سهرههڵدانهوهی هەر ناڕەزایەتییەک.
بەپێی زانیارییەکانی "ئیندیپێندێنتی فارسی"، ئەو هێزانەی لە ڕۆژانی کۆتاییی شەڕە 40 ڕۆژەکەدا، بە ڕێژەیەکی سنووردار، چوونە ناو ئێران -ئەمه دوای ئەوەی سوپای پاسداران و بەسیج، زیانێکی زۆریان بەرکەوت- ئێستا لە ناوچە جیاجیاکانی پایتەخت و چەند شارێکی گەورەدا بڵاوەیان پێکراوە.
ئەم چەکدارانە بە جلی هاوشێوەی هێزەکانی بەسیجەوە، لە بازگەکاندا دەبینرێن، بەشداریی دەوریەی شەوانە و گردبوونەوە حکومەییەکان دەکەن. سەرچاوە ناوخۆیییەکان دەڵێن هەندێکیان بە کردەیی تێکەڵی پێکهاتەکانی بەسیج کراون و شانبەشانی هێزە ئێرانییەکان، هاوڵاتیان دهپشكنن.
لە سەرەتادا، میدیا حکومییەکان، لەژێر ناوی "هاوکاریی مرۆیی و فریاگوزاری" پاساویان بۆ هاتنی ئهم هێزانه دەهێنایهوە. بەڵام دواتر ڕۆڵیان گۆڕا بۆ بەشداریی ڕاستەوخۆ لە کارە ئەمنییەکاندا.
هەروەها ڕاپۆرت هەیە، باس له بەشداریکردنی هێزەکانی "فاتیمیون"ی ئەفغانی دهكات کە سەر بە سوپای پاسدارانن، ئەمەش نیشانەی هەوڵی حکومەتە، بۆ پڕکردنەوەی کەمی کارمەندانی ئەمنی، دوای ئەو زیانانەی لە شەڕەکەدا بەریان کەوتووە.
لهم بارهیهوه، ژنێکی تەمەن 32 ساڵ لە ڕۆژهەڵاتی تاران بە ئیندیپێندێنتی ڕاگەیاندووە: "چەند شەوێکە لە بازگەی گەڕەکەکەمان، کەسانێک هەن بە فارسی نادوێن، جلی حەشدی شەعبیان لەبەردایە و بە ئاماژە یان بە عەرەبی و فارسییەکی شکاو قسە دەکەن.بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەقامەکەیان لێ داخستین و نەیاندەهێشت بڕۆین، یەکێکیان سەرنجی لەسەر حیجابەکەم هەبوو. بەڵام تێنەگەیشتم چی دەڵێت، کاتێک ناڕەزایەتیم دەربڕی، چەکدارێکی ئێرانی دەستوەردانی کرد و پێی وتم: قسە مەکە، ئەمانە وەحشین!".
لە ڕۆژئاوای تاران، پیاوێکی تەمەن 41 ساڵ دەڵێت: "جاران تەنیا بەسیج هەبوو، بەڵام ئێستا کەسانێک بە جلی سەربازیی عەرەبییەوە دەبینرێن کە زۆر توندوتیژن، وەک ئەوەی هیچ سنوورێکیان نەبێت. هاوکارێکم دەڵێت یەکێک لەم عێراقییانە، لە بازگەدا گێچەڵی بە کچەکەی کردووە. ئێمە دەمانوت هەشت ساڵ شەڕمان کرد، تا عێراقییەکان ئێران داگیر نەکەن، ئایا داگیرکردن لەوە ڕوونتر هەیە؟".
شۆفێرێکی تەمەن 35 ساڵ لە شاری کەرەج دەڵێت: "هەڵسوکەوتی ئەم هێزانە زۆر زبرە، بێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک، ئۆتۆمبێل دەپشکنن و ئەگەر پرسیار بکەیت، خێرا توڕە دەبن. خەڵک زۆر نیگەرانن چونکە هەست دەکەن کۆنتڕۆڵی شارەکە کەوتووەتە دەست کەسانێک کە خەڵکی ئێرە نین".
ئەم شایەتحاڵیانە، لە کاتێکدایە پێشتریش ڕاپۆرت لەسەر گێچەڵی سێکسی و سوکایەتیکردن بە هاوڵاتییان، لە لایەن ئەم چەکدارانەوە بڵاوکراوەتەوە. بەپێی سەرچاوە مەیدانییەکان، پەنابردنی دەسەڵات بۆ ئەم هێزە بیانییانە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەیە کە بەهۆی کوژراو و بریندار و هەڵاتنی ئەندامانی سوپای پاسداران و بەسیج، لە شەڕە 40 ڕۆژەکەدا دروست بووە.
حەشدی شەعبی لە ساڵی 2014، لە عێراق بە پشتگیری ئێران دامەزرا، چەترێکە بۆ چەندین گرووپی نیمچە سەربازی کە زۆربەیان سەر بە "فەیلەقی قودس"ن.
ئێستا بڵاوبوونەوەی ئەم هێزانە، لەناو شارەکانی ئێراندا، هەستی نامۆیی و دڵەڕاوکێی لای هاوڵاتییان زیاتر کردووە. دانیشتوویەکی تاران دەڵێت: "کاتێک دەسەڵات، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شەقام، پەنا دەباتە بەر کەسانی بیانی، ئەمە نیشانەی قەبارەی ئەو ئالهنگارییه ناوخۆییانەیە کە ڕووبەڕووی بووەتەوە، نەک نیشانەی هێز".
لەگەڵ ئەوەی چاوەڕوان دەکرا، دوای شەڕ ئەم هێزانە بکشێنەوە، بەڵام ئامارەکان پێچەوانەکەی دەسەلمێنن و وا دەردەکەوێت، ڕژێمی ئێران پلانێکی درێژخایەنی هەبێت بۆ بەکارهێنانی ئەم تاقمانە لە بەڕێوەبردنی ئەمنییەتی ناوخۆیی شارەکاندا.
PM:11:35:26/04/2026
ئهم بابهته 440
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت