تره‌مپ له‌ ماوه‌ی دوو ساڵدا چوار جار هەوڵی تیرۆرکردنی دراوه‌


وێستگەنیوز-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ماوەی کاروانی سیاسیی خۆیدا، بەتایبەت لە دوای هەڵبژاردنەکانی 2024ەوە، رووبەڕووی چەندین رووداوی تەقەکردن و هەوڵی تیرۆرکردن بووەتەوە، دواترینیان ئەوە بوو شەوی ڕابردوو شەممە لە هۆتێل (هیڵتن)ی واشنتۆن ڕوویدا.


له‌و رووداوه‌دا چەکدارێک راسته‌وخۆ بەربەستێکی ئەمنیی لە دەرەوەی هۆڵی ئاهەنگەکان، لە هوتێلێکدا بەزاندووه‌ کە ترەمپ و میلانیاى خانمی یەکەم و بەرپرسانی باڵای حکومەت و سەدان میوانی دیکە، تێیدا ئامادەی نانی ئێوارەی ساڵانەی کۆمەڵەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی بوون.

لێرەدا دیارترین ئەو هەوڵانەی تیرۆرکردن دەخەینە روو کە ترەمپ رووبەڕوویان بووەتەوە:

هەوڵی تیرۆرکردن لە پەنسلڤانیا ساڵی 2024

مەترسیدارترین هەوڵی تیرۆرکردن بوو كه‌ ڕووبەڕووی ترامپ بووه‌تەوە، لە کاتی ئەنجامدانی بانگەشەی هەڵبژاردن، لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی کراوەدا، لە شاری بەتلەر لە ویلایەتی پەنسلڤانیا، لە تەممووزی 2024.

ترەمپ بە فیشەکی چەکدارێکی تەمەن 20 ساڵ، به‌شی سه‌ره‌وه‌ی گوێی ڕاستی برینداربوو، هێزە ئەمنییەکانیش چەکدارەکەیان بە فیشەک کوشت.

هەوڵی تیرۆرکردن لە یانەی گۆڵف لە فلۆریدا ساڵی 2024

کەمتر لە دوو مانگ دوای ڕووداوی تەقەکردنەکەی بەتلەر، کارمەندانی دەزگای خزمەتگوزاری نهێنی، پیاوێکیان بینی دەمانچەیەکی پێبوو و لەنێو دەوەنەکانی یانەی گۆڵفی ترامپ، لە وێست پاڵم بیچ، لە ویلایەتی فلۆریدا خۆی حەشاردا بوو، لەو کاتەی ترامپ لە یاریگاکەدا بوو.

پۆلیس و دەزگای خزمەتگوزاری نهێنی بە خێرایی دەستوەردانیان کرد و پێش جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە پووچەڵکرایەوە. لێکۆڵینەوەکان دەریانخست تۆمەتبارەکە بۆ ماوەی چەند مانگێک، پلانی بۆ هێرشەکە داڕشتووە، دواتر سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا.

ڕووداوی هەڵکوتانە سەر هاوینەهەواری مارالاگۆ لە 2026

لە شوباتی ڕابردوودا، کەسێک هەوڵیدا بچێتە ناو هاوینەهەواری مارالاگۆ، کە بە شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکی ئەمریکا لە فلۆریدا دادەنرێت، ڕووداوەکە شەوی شەممە ڕوویدا، هەرچەندە ترەمپ زۆربەی کۆتایی هەفتەکان، لە هاوینەهەوارەکەدا بەسەر دەبات، بەڵام لە کاتی ئەم ڕووداوەدا، لەگەڵ میلانیا ترامپی خانمی یەکەم، لە کۆشکی سپی بوون و میوانداریی نانی ئێوارەیان بۆ پارێزگارەکانی ویلایەتەکان کردبوو. هێزە ئەمنییەکان دەستوەردانیان کرد و هێرشبەرەکەیان کوشت.

ڕووداوی تەقەکردن لە کاتی نانی ئێوارەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی پیاوێکی چەکدار دوێنێ شەممە 25ی نیسانی 2026، هەڵیکوتایە سەر هۆڵێکی هۆتێل (هیڵتن)ی واشنتۆن کە تێیدا نانی ئێوارە بۆ ڕۆژنامەنووسان رێکخرابوو، کە ترەمپ و زۆرێک لە سەرکردە باڵاکانی ئەمریکا تێیدا ئامادە بوون.

چه‌كداره‌كه‌ به‌ په‌له‌ بەرەو هۆڵی ئاهەنگەکە ده‌ڕوات و پێش ئەوەی لەلایەن کارمەندانی دەزگای خزمەتگوزاری نهێنییەوە گەمارۆ بدرێت و دەستبەسەر بکرێت، زیان بە ترەمپ نەگەیشتووە و بە خێرایی لەو شوێنە دوورخرایەوە.

شوێنی نانی ئێوارەکە، هوتێل (هێڵتۆن واشنتۆن)بووە، پێشتر ئه‌م شوێنه‌، گۆڕەپانی هەوڵی تیرۆرکردنی ڕۆناڵد ڕیگانی، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا بووە، کە لە ساڵی 1891 لە دەرەوەی هەمان هوتێل لەلایەن بکوژێکەوە فیشەکی بەرکەوت.


AM:11:37:26/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت