ئەو کەسە کێ بوو کە تەقەی لە ترەمپ کرد؟
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ یەک شەممە، 26ی نیسانی 2026، زانیارییە سەرەتاییەکان
ئاماژە بەوە دەکەن ئەو گومانلێکراوەی لە کاتی ئاهەنگی نانی ئێوارەی پەیامنێرانی کۆشکی
سپیدا تەقەی کردووە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تێیدا ئامادە بووە، ناوی (کۆڵ تۆماس
ئەلین)ە و تەمەنی ٣١ ساڵە و خەڵکی ویلایەتی کالیفۆرنیایە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "بەغداد ئەلیوم" كهوتوون
و بەدواداچوونی بۆ کردوون: "گومانلێکراوەکە لەو هوتێلەدا نیشتەجێ بووە کە ئاهەنگەکەی
تێدا سازکراوە و لە کاتی ئەنجامدانی هێرشەکەدا بە تەنیا بووە و توانیویەتی خاڵێکی پشکنینی سەر بە دەزگای خزمەتگوزاری
نهێنی لەناو هۆڵی هوتێلەکەدا ببڕێت، پێش ئەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕێگری لێ
بکرێت".
سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە: "تۆمهتبار
چەکێکی ڕاو، دەمانچە و چەند چەقۆیەکی پێبووە، لە کاتی ڕووداوەکەدا هێزەکانی جێبەجێکردنی
یاسا، تەقەیان لێكردووه و بەبێ ئەوەی هیچ برینداربوونێکی لێ بکەوێتەوە".
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، "گومانلێکراوەکە هیچ تۆمارێکی
تاوانکاری پێشووی نییە و ناوی لە لیستی چاودێری دەسەڵاتدارانی واشنتۆنیشدا نەبووە،
دەزگا ئەمنییەکان دوای دەستگیرکردنی، هەڵیانکوتاوەتە سەر شوقەکەی لە ویلایەتی کالیفۆرنیا".
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا
ڕایگەیاند، "ئەنجامدەری هێرشەکە دەستگیرکراوە" و بە "کەسێکی زۆر نەخۆش"
وەسفی کرد.
لەکاتێکدا هەندێک هەژمار لە سۆشیاڵ میدیا زانیاری ناڕەسمییان
بڵاوکردووەتەوە و دهڵین، وەک مامۆستا و گەشەپێدەری یارییە ئەلیکترۆنییەکان کار دەکات،
بەڵام تا ئێستا هیچ بەیاننامەیەکی فەرمی دەرنەچووە وردەکاری پیشەکەی یان پاشخانی کەسییەکەی
پشتڕاست بکاتەوە.
AM:10:37:26/04/2026
ئهم بابهته 336
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت