ترەمپ: تەقەکەرەکە پەیوەندیی بە شەڕی ئێرانەوە نیە
وێستگەنیوز-
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان وردەکاریی نوێی لەبارەی هەوڵی تەقەکردن لە هۆتێل
(هیڵتن)ی واشنتن ئاشکرا کرد و رایگەیاند، هێرشبەرەکە چەندین جۆری چەکی پێبووە و ئەفسەرێکی
دەزگای نهێنی لە مەودایەکی نزیکەوە پێکراوە.
رۆژی یەکشەممە، 26ی نیسانی 2026 دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی
رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەو کەسەی هێرشەکەی ئەنجامداوە "بکوژێکی
بەکرێگیراو" بووە و ویستوویەتی هێرش بکاتە سەر دەستووری ئەمریکا. ترەمپ
ئاشکرای کرد، گومانلێکراوەکە خەڵکی ویلایەتی کالیفۆرنیایە و ئێستا لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا
بەردەوامە.
ترەمپ وردەکاریی رووداوەکە باس دەکات و دەڵێت، "ئەم بۆنەیە
بۆ ئازادیی رادەربڕین تەرخانکرابوو، کە بڕیاربوو ئەندامانی هەردوو پارتەکە و میدیاکان
کۆبکاتەوە. بینیم کە هەمووان پێکەوە یەکگرتوو بوون، ئەوە شتێکی زۆر جوان بوو؛ پیاوێک
لە بازنەیەکی پشکنینی ئەمنیدا بە چەندین چەکەوە هێرشی کرد و لەلایەن ئەندامانی
ئازای دەزگای نهێنییەوە تێکشکێندرا".
سەبارەت بە برینداربوونی ئەفسەرێکی دەزگای نهێنی، ترەمپ
ئاماژەی بەوە کرد، ئەفسەرەکە لە مەودایەکی زۆر نزیکەوە و بە چەکێکی زۆر بەهێز تەقەی
لێکراوە، بەڵام چاکەتە گوللەنەبڕەکەی ژیانی رزگار کردووە. ترەمپ گوتی: "تەنیا
کەمێک پێش ئێستا قسەم لەگەڵ ئەو ئەفسەرە کرد، ئەو زۆر باشە و دۆخی تەندروستیی جێگیرە".
سەرۆکى ئەمریکا رەتیکردەوە رووداوەکە پەیوەندى بە ئێرانەوە
هەبێت و وتی، "پێموانییە پەیوەندى بە ئێرانەوە هەبێت، بەڵام لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن."
دەزگای نهێنی لە راگەیەنراوێکدا جەختی کردەوە، "سەرۆک
و خانمی یەکەم سەلامەتن." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، رووداوەکە لە نزیک بازنەی
پشکنینی ئەمنیی سەرەکیی دەرەوەی هۆڵی ئاهەنگەکە روویداوە و یەک کەس دەستگیرکراوە.
ترەمپ لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ"
نووسیویەتی: "دەزگای نهێنی و هێزە ئەمنییەکان کارێکی نایابیان ئەنجامدا. ئەوان
بە خێرایی و ئازایانە مامەڵەیان کرد. تەقەکەرەکە دەستگیرکراوە."
AM:08:15:26/04/2026
ئهم بابهته 436
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت