گەمارۆ بارگرانییەکی زۆری بۆ ئێران دروستكردووه‌، پزیشکیان داوای دەستپێوەگرتن بە کارەباوه‌ دەکات


وێستگەنیوز-

دوای 12 ڕۆژ لە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا، بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران و ئەو کاریگەرییانەی کە تاران خەریکە هەستی پێدەکات، بەتایبەت دوای ئەو جەنگەی 40 ڕۆژی خایاند، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کرد دەست بە بەکارهێنانی کارەباوە بگرن.


ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، 25ی نیسانی 2026، پزیشکیان هانی ئێرانییەکانیدا بەکارهێنانی کارەبا کەم بکەنەوە، ئەمە دوای ئەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، زیانی گەورەیان بە ژێرخانی وزە گەیاندووە. هەروەها جەختی له‌وه‌ کردەوە ئامانجی حکومەت "کۆنترۆڵکردنی بەکارهێنان"ی کارەبایە، وەک ئەوەی تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاوی کردووەتەوە.
"دوو گڵۆپ دابگیرسێنن".

پزیشکیان ده‌ڵێت، "له‌ ماڵه‌وه‌، لە جیاتی داگیرساندنی دە گڵۆپ، با تەنها دوو دانە دابگیرسێنین، چ عه‌یبه‌یه‌ك له‌وه‌دا هه‌یه‌؟".

هەروەها باس له‌وه‌ ده‌كات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل "ژێرخانیان وێران کردووە"، ئاماژەی بە گەمارۆ دەریاییەكه‌ش کرد کە واشنتن بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندوویەتی.

هەڕەشەی وەڵامدانەوە

هه‌ر ئه‌مڕۆ، هێزەکانی ئێران هەڕەشەی ئه‌وه‌یان كرد وه‌ڵامی گه‌مارۆكه‌ی ئه‌مریكا ده‌ده‌نه‌وه‌ و بارەگای "خاتمولئه‌نبیا" کە فەرماندەیی ناوەندیی هێزە چەکدارەکانی ئێرانە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەگەر "سوپای ئەمریکا بەردەوام بێت لەسەر گەمارۆدان و چەتەیی، دەبێت دڵنیابێت لەوەی ڕووبەڕووی وەڵامدانەوەی هێزە چەکدارە بەهێزەکانمان دەبێتەوە".

هەروەها باس له‌وه‌ ده‌كات هێزەکانی ئێران " بۆ بەرگریکردن لە سەروەری و خاک و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان، توانا و ئامادەییەکی زیاتریان لە پێشوو هەیە".

ئاماژەی بەوەش کرد سوپای ئێران "چاودێری ڕەفتار و جووڵەی دوژمنان لە ناوچەکەدا دەکات، هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی لە بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی گەرووی ستراتیژی هورمز".

پێشتر دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە 13ی نیساندا گەمارۆیەکی دەریایی تەواوی بەسەر ئێراندا سەپاند، ئەمەش دوای شکستی خولی یەکەمی گفتوگۆ ڕاستەوخۆکانی ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان هات، بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە کۆتایی بەو جەنگە بهێنێت لە 28ی شوباتی ڕابردوو هەڵگیرساوه‌.

ئیدارەی ئەمریکا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە، گەمارۆکە دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی گەرووی هورمز دەکرێتەوە و ڕێککەوتنێک دەکرێت کە داواکارییەکانی ئەوان جێبەجێ بکات.

لەلایەکی ترەوە، تاران داواکارییەکانی بۆ هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەکە دووبارە کردەوە، پێش ئەوەی چاو بە کێشەی گەرووی هورمزدا بخشێنێتەوە، کە هاتوچۆ تێیدا بە شێوەیەکی بەرچاو پەکیکەوتووە، لەو کاتەوەی جەنگەکە لە 28ی شوباتی ڕابردوو بەهۆی هەڕەشەکانی ئێرانەوە هەڵگیرسا.


PM:09:33:25/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت