کۆشکی سپی: ویتکۆف و کۆشنەر بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەچنە پاکستان
وێستگەنیوز-
کارۆلاین لیڤێت، وتەبێژی
کۆشکی سپی ڕۆژی هەینی پشتڕاستی کردەوە کە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ،
سەرۆکی ئەمریکا و جارێد کۆشنەر، زاوا و ڕاوێژکاری ترەمپ، بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئێران گەشتی
پاکستان دەکەن.
ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکدا
لەگەڵ "فۆکس نیوز" ڕایگەیاند کە نوێنەرانی ئەمریکا بەیانی ڕۆژی شەممە بەڕێ
دەکەون. بە وتەی لیڤێت، «ئێرانییەکان هەروەک چۆن سەرۆک داوای لێ کردبوون، پەیوەندییان
کردووە و داوای ئەم گفتوگۆیە ڕووبەڕووەیان کردووە."
وتیشی، "بۆیە سەرۆک،
ویتکۆف و کۆشنەر دەنێرێت تا گوێ لە ڕاکانی ئەوان بگرن. ئێمە هیوادارین ئەم گفتوگۆیە
بنیاتنەر بێت و یارمەتیدەر بێت بۆ پێشخستنی پرۆسەی گەیشتن بە ڕێککەوتن."
وتەبێژی کۆشکی سپی وتیشی،
"دۆناڵد ترەمپ هێڵە سوورەکانی خۆی لە درێژەی ئەم پرۆسەیەدا بە ڕوونی دیاری
کردووە. ئەو لە درێژکردنەوەی ئاگربەستدا نەرمی نواند. بۆیە ستیڤ و جارێد دەچن تا
بزانن لایەنی ئێرانی چی دەڵێت."
پێشتر تۆڕی هەواڵی
"سی ئێن ئێن" و ئاژانسی "ڕۆیتەرز" ڕایانگەیاندبوو کە ئەم دوو ڕاوێژکارەی
ترەمپ بۆ دانوستان لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، دەچنە پاکستان.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، جی
دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە ئێستادا بەرنامەی بۆ چوونە پاکستان نییە، بەڵام ئەگەر
دانوستانەکان بەرەوپێشچوون بەخۆیانەوە ببینن، ئامادەیە گەشتی ئیسلام ئاباد بکات.
هاوکات وەزیری دەرەوەی
ئێران لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" نووسیویەتی: "بەڕێوەم بۆ
گەشتێک بەرەو ئیسلام ئاباد، مەسقەت و مۆسکۆ. ئامانجی ئەم گەشتانە هەماهەنگی نزیکە
لەگەڵ هاوبەشەکانمان لەسەر پرسە دووقۆڵییەکان و ڕاوێژکردن دەربارەی گۆڕانکارییەکانی
ناوچەکە."
هەروەها ئیسماعیل بەقایی،
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە کە عێراقچی لە میانی گەشتەکەیدا بۆ
پاکستان، عومان و ڕووسیا، بیروڕا دەگۆڕێتەوە سەبارەت بە «دوایین دۆخی هەوڵەکان بۆ
کۆتاییهێنان بە جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل دژی ئێران و چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە
ناوچەکەدا.»
PM:09:02:24/04/2026
ئهم بابهته 272
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت