درۆنی ژێر ئاو، چەکی كاریگه‌ری ئەمریکا بۆ پشکنینی گەرووی هورمز
وێستگەنیوز-
لە ناوەڕاستی ئەو چەقبەستووییەی، گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانی گرتووەتەوە، بەرپرسێکی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئاشکرایان کردووه هێزی دەریایی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، ئەم هەفتەیە مینی زیاتریان لە گەرووی هورمز چاندووە.
له‌م باره‌یه‌وه ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" ئێوارەی دوێنێ پێنج شەممە، له‌سه‌ر زاری ئه‌و به‌رپرسه بڵاویكرده‌وه سوپای ئەمریکا، پرۆسەی مینڕێژکردنەکەی ئێرانی بەدیکردووە و لە نزیکەوە چاودێری دەکات.
درۆنی ژێر ئاو
بەڵام ئەو چەکانە چین کە ئەمریکا بۆ پاککردنەوەی گەرووی هورمز لە مین بەکاریان دەهێنێت؟ بێگومان لە نێوان ئەو كه‌ره‌ستانه‌ی ئه‌مریكا بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پشتیان پێده‌به‌ستێت، درۆنەکانی ژێر ئاون، بەتایبەت ئەو جۆرەی کە بە Knifefish ناسراوە و کۆمپانیای "جەنەراڵ داینامێکس" پەرەی پێداوە.
ئەم درۆنە به جۆرێك دیزاین کراوە، بتوانرێت لەسەر پشتی کەشتی جەنگی کەناراوه‌كان/ Littoral Combat Ships دابنرێت، ئه‌مه وەک بەشێک له‌و كه‌ره‌ستانه‌ی تایبه‌تن به‌م كه‌شتییانه كه ئه‌ركیان له‌ناوبردنی مینه‌كانی ژێرئاوه.
بەپێی ماڵپەڕی کۆمپانیاکە، ئەم درۆنانە خاوەنی توانایەکی بەرزن بۆ راوكردن و ئاشكراكردنی مینه‌كان، ئەویش لە ڕێگەی دۆزینەوە، پۆلێن‌کردن و دیاریکردنی هەریەک لە مینە چێنراوەکان یان ئەو مینانەی لە ژینگه ئاوییه پڕ له ڕووه‌ك و به‌ربه‌سته‌كاندا دانراون.
هەروەها دەتوانێت هەڕەشەی مینەکان بدۆزێتەوە و لێیان دوور بکەوێتەوە و دیاری‌یان بکات، به‌مه‌ش مەترسییەکانی سەر کارمەندەکان کەمدەبێتهوه. چونکە لە ناو کێڵگەی مینەکەدا، وەک هەستەوەرێکی دەرەکی کاردەکات، لە کاتێکدا کەشتییە هەڵگرەکەی لە دەرەوەی سنووری کێڵگەی مینەکە دەمێنێتەوە.
هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌م درۆنەکانه، هێزی دەریایی ئەمریکا كه‌ره‌سته‌یه‌كی بەرفراوانی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی مین لە ڕێگەی سیستمە دەریاییە بێفڕۆکەوانەکان و ئامێرەکانی هەستەوەر و فڕۆکە کۆپتەرەکانی MH 60Sـی فرەئەرک و ئامێرە پاڵپشتییە پەیوەندیدارەکان.
دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەختی له‌وه کردەوە فەرمانی بە هێزە دەریاییەکانی کردووە، هەر بەلەمێک تێکبشکێنن کە مین لە گەرووی هورمزدا دەچێنێت، ئەمەش لە چوارچێوەی پەرەپێدانی فشارەکان بۆ سەر تاران، بۆ دووبارە کردنەوەی ئەم ڕێڕەوە دەریاییە زیندووە.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد ئەگەری هەیە ئێران، لە ماوەی ئاگربه‌سته‌كه‌دا، کە لە هەشتی نیسانەوە بەردەوامە، جبەخانەکەی "کەمێک" بەهێز کردبێت.
سه‌رۆكی ئه‌مریكا جەختی له‌وه کردەوە سوپای ئەمریکا، توانای هەیە لە ماوەی نزیکەی یەک ڕۆژدا، ئەو بەهێزکردنانە لەناو ببات.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ئەمریکا بە دەیان کەشتی جەنگی ڕەوانەی ناوچەکە کردووە، هەروەها 3 فڕۆکەهەڵگری زەبەلاحی بڵاوکردووەتەوە، بە ئامانجی هاوکاری لە گەمارۆدانەکە و وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ.
PM:03:06:24/04/2026
ئه‌م بابه‌ته 268
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت