سووریا دەستگیرکردنی ئەمجەد یوسف ڕادەگەیەنێت


وێستگەنیوز-

وەزارەتی ناوخۆی سووریا، دەستگیرکردنی ئەمجەد یوسف، تۆمەتباری سەرەکیی کۆمەڵکوژیی گەڕەکی ته‌زامونی لە دیمەشق ڕاگەیاند، ئەمەش دوای ئه‌نجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی "تۆکمە" لە گوندەواری حەما، ئەم ڕاگەیاندنە لە کاتێکدایە، داواکارییەکان بۆ لێپرسینەوە لەو کەسانەی تێوەگلاون لەو تاوانانەی وڵاتەکە، لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا بەخۆیەوە بینیویەتی، زیادیکردووە.


بەتایبەت ئەو تاوانانەی لە ڕێگەی تۆمارە ڤیدیۆییە شۆککەرەکانەوە، بەڵگە کراون و ڕای گشتی جیهانیان هەژاند.

ئەنه‌س خەتاب وەزیری ناوخۆی سووریا، لە پۆستێکدا لە سەکۆی "ئێكس" ڕایگەیاند: "تاوانبار ئەمجەد یوسف، تۆمەتباری یەکەم لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی ته‌زامون، دوای ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی تۆکمە کەوتە چنگی ئێمە".

لە هەمان چوارچێوەدا، سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی "سانا"ی ڕاگەیاندووه‌ پرۆسەی دەستگیرکردنەکە، لە سەهلولغاب، لە گوندەواری حەما ئەنجامدراوە، ئاماژەی بەوەش کرد ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆوە جێبەجێکراوە و بووەتە هۆی دەستگیرکردنی یوسف، بێ ئەوەی وردەکاری زیاتر دەربارەی بارودۆخی هەڵکوتانە سەرەکە ئاشکرا بکات.

هەروەها سەکۆ میدیاییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردووه‌تەوە، ساته‌وەختی دەستگیرکردنه‌كه‌ تۆمار ده‌كات، له‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌دا تۆمه‌تبار لە ناو ئۆتۆمبێلێکی ئەمنیدا دەردەکەوێت و ژمارەیەک کارمەندی ئەمنی دەوریان داوە، ئەمەش کاردانەوەیەکی بەرفراوانی لێکەوتەوە.

کۆمەڵکوژیی ته‌زامون


ئەمجەد یوسف بە یەکێک لە دیارترین تۆمەتبارانی کۆمەڵکوژیی گەڕەکی ته‌زامون دادەنرێت کە لە ساڵی 2013دا ڕوویدا، بەپێی ئەوەی لە ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوەکانی پێشوودا تۆماركراوه‌، ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌، بووەتە هۆی کوژرانی 41 کەس کە بە شێوەی مەیدانی لەسێدارە دراون و لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا نێژراون.

ئەم تاوانە به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ پێیده‌وترێت "کۆمەڵکوژیی شەقامی نەسرین" و بۆ چەندین ساڵ بە نهێنی مابووەوە، پێش ئەوەی لە ساڵی 2022دا لە ڕێگەی ڤیدیۆیەکی دزەپێکراوەوە ئاشکرا بکرێت.

له‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌ دزه‌پێكراوه‌كه‌دا، پرۆسەی لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ، بە خوێنساردییەوە، ده‌رده‌كه‌وێت و دواتر قوربانییەکان فڕێ دەدرێنە ناو چاڵێک و تەرمەکانیان دەسووتێنرێت، ئەمەش شۆکێکی گەورەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دروست کرد.

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی یوسف کراون، تەنیا بە کۆمەڵکوژیی ته‌زامونه‌وه‌ ناوەستن، بەڵکو گومان دەکرێت لە ماوەی ململانێکاندا، بەشداریی لە ئەنجامدانی نزیکەی 12 پرۆسەی دیکەی کوشتنی بەکۆمەڵدا کردبێت، به‌م كارانه‌ یوسف ده‌بێته‌ یەکێک لە دیارترین ئەو ناوانەی کە پەیوەستن بە پێشێلکارییە مەترسیدارەکانی مافی مرۆڤ لە سووریا.


PM:12:12:24/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت