ئەمریکا دەستی بەسەر کەشتییەکی دیکەدا گرت


وێستگەنیوز-

وەزارەتی جەنگی ئەمریکارێگریکردن و دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی سزادراوی بێ ناسنامەی راگەیاند کە بەنیازی گەیاندنی پاڵپشتیی مادی بۆ ئێران بووە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی نیسانی 2026، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" رایگەیاند، هێزەکانیان لە ناوچەی هیند و پاسیفیک مافی پشکنین و رێگریی دەریاییان بۆ سەر کەشتییەکی بێ ناسنامە و سزادراو بە ناوی "تیفانی" کردووە.

ئاماژەی بەوەش داوە، "وەک چۆن پێشتر روونمان کردووەتەوە، بەردەوام دەبین لە هەوڵە جیهانییەکانمان بۆ جێبەجێکردنی یاسا دەریاییەکان بە مەبەستی تێکشکاندنی تۆڕە نایاساییەکان و رێگریکردن لەو کەشتییە سزادراوانەی پاڵپشتیی ماددی دەگەیەننە ئێران لە هەر شوێنێک کار بکەن."

وەزارەتەکە روونیشی کردەوە، ئاوە نێودەوڵەتییەکان پەناگەیەک نین بۆ کەشتییە سزادراوەکان. جەختیشی لەوە کردەوە، وەزارەتەکەیان بەردەوام دەبێت لە رێگریکردن لە لایەنە نایاساییەکان بۆ ئەوەی هیچ ئازادییەکی جووڵەیان لە دەریادا نەبێت.


PM:03:23:21/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت