سوید واز لە خوێندنی دیجیتاڵی دەهێنێت
وێستگهنیوز -
ڕاپۆرتێکی دەستەی پەخشی بەریتانی (BBC) ئاماژە بۆ ئهوه دەکات حکومەتی سوید، لە پرۆسەی پەروەردەدا، ئاراستەیەکی نوێ دەگرێتە بەر و تێیدا بایەخ و شکۆ بۆ "کتێب" دەگێڕێتەوە.
ڕاپۆرتەکە ڕوونی کردووەتەوە، حکومەتی سوید کار دەکات بۆ دووبارە جەختکردنەوە لەسەر کتێبە کاغەزییەکان و پێنووس و دەفتەر لەناو پۆلەکاندا، ئەمەش بە ئامانجی ڕێگریکردن لە دابەزینی ئاستی خوێندنەوە و نووسین لەنێوان قوتابیاندا.
بەڵام جەختکردنەوە لەسەر ئەم ئامرازە تەقلیدییانە، ناڕەزایەتی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا و هەندێک لە مامۆستایان و زانایانی کۆمپیوتەری لێکەوتووەتەوە؛ ئەوان پێیانوایە ئەم هەنگاوە، کاریگەریی نەرێنی لەسەر هەلی کارکردنی داهاتووی قوتابیان دەبێت و ڕەنگە زیان بە ئابووری ئەو وڵاتە بگەیەنێت.
مێژووی بەدیجیتاڵکردن و گۆڕانکاریی سیاسی
بەکارهێنانی کۆمپیوتەری لاپتۆپ، لە پۆلەکانی سویددا، دهگهڕێتهوه بۆ كۆتاییهكانی دهیهی یهكهم و سهرهتای دهیهی دووهمی ئهم سهدهیه، بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تا ساڵی 2015، نزیکەی له 80%ی قوتابیانی خوێندنگە ئامادەییەکان کە لەلایەن شارەوانییەکانەوە پشتگیری دەکرێن، ئامێری دیجیتاڵیی تایبەت بە خۆیان هەبووه.
تەنانەت لە ساڵی 2019دا، بەکارهێنانی "تابلێت" لە باخچەی ساوایان کرایە ناچاری، وەک بەشێک لە پلانی حکومەتی پێشوو، بە سەرۆکایەتی سۆسیال دیموکراتەکان، له پێناو ئامادەکردنی منداڵان بۆ ژیانێکی تایبەتی و پیشەیی کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، زیاتر بەرەو دیجیتاڵبوون دەچێت. بەڵام هاوپەیمانیی ڕاستڕەوی ئێستا کە لە ساڵی 2022، دەسەڵاتی گرتووهته دەست، ئاراستەی پەروەردەی گۆڕی.
ڕزگاربوون لە شاشەکان
ڕاپۆرتەکە لە زاری "جوار فۆرسێل" وتەبێژی پەروەردە لە پارتی لیبراڵەکان دەڵێت: "ئێمە بە کردەیی هەوڵ دەدەین، تا دەتوانین خۆمان له شاشهكان رزگار دهكهین". ئاماژەی بەوەش کرد ڕەنگە تەمەنە گەورەکان، کەمێک زیاتر بەکاریبهێنن. بەڵام بۆ تەمەنە بچووکەکان یان لە خوێندنگە بنەڕەتییەکاندا، پێیوایە نابێت شاشە بەکاربهێنرێت، چونکە منداڵان لەرێگەی پێنووس و کاغەزەوە، زیاتر فێر دەبن.
له لایهكی دیكهوه، حکومەتی سوید، بەردەوام دروشمی "från skärm till pärm" بەکاردەهێنێت کە بەواتای "وەرچەرخان لە شاشەوە بۆ بەرگی کتێب" دێت. دەڵێن وانەی بێ شاشە، مەرجێکی باشتر بۆ منداڵان دەڕەخسێنێت، تاوەکو سەرنجیان کۆبکەنەوە و کارامەییەکانی خوێندنەوە و نووسینیان گەشە پێبدەن.
هەنگاوە کردەییەکان و تێچووەکەی
بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵدا، قەدەغەکردنی مۆبایل لە خوێندنگەکان بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، تەنانەت بۆ مەبەستی فێربوونیش. هەروەها زیاتر لە 2.1 ملیار کڕۆنی سویدی، نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار، بۆ کڕینی کتێبی خوێندن و ڕێبەری مامۆستایان، تەرخان کراوە. بڕیاریشە پرۆگرامی نوێی خوێندن کە بنەماكهی لەسەر کتێبە، لە ساڵی 2028 دەست پێبکات.
ڕوانگەی زانستی و لێکۆڵینەوەکان
ئەم گۆڕانکارییە دوای ڕاوێژکارییەکانی ساڵی 2023 دێت، لهو ساڵهدا، توێژەرانی ئەکادیمی و ڕێکخراوە پەروەردەییەکان و سهنتهره گشتییهكان و شارهوانییهكانی گرتەوە.
لهم بارهیهوه، دکتۆر "سیسیلا نۆتلی" زانای دەمار (Neuroscientist) لە پەیمانگای کارۆلینسکا له سوید دەڵێت: "هۆشیاریی دەربارەی ئەو پهشێوییانەی تەکنەلۆژیا لەناو پۆلەکاندا، دروستی دەکات، زیادیكردووه."
ئەو زانایه، ڕوونیدەکاتەوە قوتابیان، بەهۆی ئەوەی هاوڕێکانیان لەسەر شاشەکان ئهنجامی دهدهن، سەرنجیان پەرتوبڵاو دەبێت. هەروەها ئاماژە بە توێژینەوە نێودەوڵەتییەکان دەکات کە دەڵێن خوێندنەوە، لەسەر ئامێرە دیجیتاڵییەکان، پرۆسەی وەرگرتنی زانیاری بۆ منداڵ قورستر دەکات و بەکارهێنانی زۆری شاشە، کاریگەریی نەرێنی لەسەر گەشەی مێشکی منداڵە بچووکەکان دەبێت.
ئاستی خوێندن لە سوید
حکومەت هیواخوازە ئەم گۆڕانکارییە، یارمەتیدەر بێت لە باشترکردنی پلەی سوید لە ڕیزبەندیی "پیزا/PISA "، چونكه سوید پێشتر یەکێک بوو لە وڵاتە سەرکەوتووەکان. بەڵام لە ساڵی 2012 پاشهكشهیهكی گهوهری بهخۆیهوه بینی، پاشان له ساڵی 2022 لە بیرکاری و خوێندنەوەدا، تووشی پاشهكشهیهكی گهوره بوو.
هەرچەندە هێشتا ئاستی سوید کەمێک لە سەرووی تێکڕای وڵاتانی OECD دایە، بەڵام ئاستی له خوێندنەوەدا، به بهراورد لهگهڵ ئاستی قوتابیانی بەریتانیا، ئەمریکا، دانیمارک، فینلاند و نەرویج، نزم و خراپه. نزیکەی له 24%ی قوتابیانی تەمەن 15-16 ساڵ، نەگەیشتوونەتە ئاستی بنەڕەتی، لە تێگەیشتنی خوێندنەوەدا.
لە کۆتاییدا، ڕاپۆرتێکی رێكخراوی هاریكاری ئابوری و بوژانهوه OECD ، لە مانگی كانونی یهكهمی ئەمساڵدا دەڵێت: قوتابیانی سوید، به شێوهیهكی گشتی، سوود لە ئامێرە دیجیتاڵییەکان دەبینن. بەڵام ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئامێرە دیجیتاڵییەکان، بوونەتە هۆی سەرقاڵکردن و مژوڵکردنێکی زۆری قوتابیان لە کاتی وانەکاند. ههروهها راپۆرتهكه ئاماژە بۆ ئهوه دهكات پشت بەستنی زۆر بە ئامێرە دیجیتاڵییەکان لە کاتی خوێندنی بیرکاریدا، دەبێتە هۆی دابەزینی نمرە و ئاستی زانستیی قوتابیان.
PM:05:14:20/04/2026
ئهم بابهته 436
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت