ئیسماعیل بەقائی: هیچ بەرنامەیەکمان بۆ خولی نوێی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا نییە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ دووشەممە 20ی نیسانی 2026، ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدیا رایگەیاند، "هیچ بەرنامەیەکمان بۆ خولی نوێی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا نییە".
ئاماژەی بەوەکرد، "گرژیی و ئاڵۆزییەکانی کەنداوی فارس و گەرووی هورمز تەنیا دەرئەنجامی چالاکییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلە".
بەقائی وتی، " پێش 28ی شوبات ئەم ناوچەیە ئاسایشی تەواوی هەبوو، بۆیە دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێپرسینەوە لەم دوو لایەنە بکات لە ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە".
وتیشی، " ئەستەمە خیانەتەکانی ئەمریکا لە دیپلۆماسی دووبارە لەبیر بکەین، لە ماوەی کەمتر لە 9 مانگدا واشنتۆن دووجار لەکاتی دانوستانەکاندا هێرشی کردووەتە سەر خاکی ئێران و پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکانی کردووە و کەسایەتی و هاوڵاتییان کوشتووە و زیانی بە سەروەت و سامانی نیشتمانی گەیاندووە".
بەقایی دەڵێت، "ئەم دژایەتییە روون و ئاشکرایە لە نێوان قسە و رەفتاردا، گومانی نەتەوەی ئێران بە مەبەستی ئەمریکا گەورەتر دەکات؛ بۆیە ئێران بڕیاری گونجاو سەبارەت بە درێژەدان بە دانوستانەکان لە بەرژەوەندی و قازانجی نیشتمانی خۆی دەدات".
ئەمەش لەکاتێکدایە لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان ئامادەکاریی بۆ خولی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کراوە، بەڵام تائێستا دیارنییە دانوستانەکە ئەنجام دەدرێت یاخود نا.
AM:11:04:20/04/2026
ئهم بابهته 232
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت