ترەمپ: کەشتییەکی زەبەلاحی ئێرانمان پێکا
وێستگەنیوز-
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە پەیامێکی بەپەلەدا ڕاگەیاند؛
دوای ئەوەی کەشتییەکی زەبەلاحی ئێرانی فەرمانی وەستانی جێبەجێ نەکرد، کەشتییە جەنگییەکانی
ئەمریکا ژووری بزوێنەری کەشتییەکەیان پێکا و پەکخست.
یەکشەممە 19ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی
ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) رایگەیاند هێزە دەریاییەکانی وڵاتەکەی لە ئۆپەراسیۆنێکی
سەربازیدا لە دەریای عومان، کەشتییەکی زەبەلاحی ئێرانییان پەکخستووە و دەستیان بەسەردا
گرتووە.
بەپێی پەیامێکی ترەمپ کەشتییەکی بارهەڵگری ئێرانی بە ناوی
"تۆسکا" (TOUSKA)، کە
درێژییەکەی 900 پێیە و کێشەکەی نزیکەی کێشی کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگرە، هەوڵیداوە گەمارۆ
دەریاییەکەی ئەمریکا بشکێنێت و تێپەڕێت؛ ئاشکراشی کرد، کەشتیی جەنگیی ئەمریکی (USS SPRUANCE) رێگری لە کەشتییە ئێرانییەکە
کردووە و هۆشداریی پێداوە کە بوەستێت، بەڵام تیمەکەی نێو کەشتییە ئێرانییەکە رەتیانکردووەتەوە
فەرمانەکە جێبەجێ بکەن.
سەرۆکی ئەمریکا وتی "بەهۆی ئەوەی ئێرانییەکان گوێیان نەگرت،
کەشتییە جەنگییەکەمان راستەوخۆ تەقەی لێ کردن و کونێکی گەورەی لە ژووری بزوێنەری (Engine room) کەشتییەکەدا دروست کرد و بە تەواوی
پەکخست."
ترەمپ پشتڕاستی کردەوە کە ئێستا هێزەکانی مارینزی ئەمریکا
چوونەتە ناو کەشتییەکە و بە تەواوی کۆنترۆڵیان کردووە.
کەشتیی "تۆسکا" پێشتریش لەلایەن وەزارەتی دارایی
ئەمریکاوە خرابووە لیستی سزاکانەوە بەهۆی تێوەگلانی لە کارە نایاساییەکان و ترەمپ وتی،
"ئێستا کەشتییەکە لەژێر دەستی ئێمەدایە و خەریکی پشکنینین بۆ ئەوەی بزانین چی
لە ناویدایە."
PM:11:20:19/04/2026
ئهم بابهته 296
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت