ترەمپ: بەرەبەیانێکی نوێ چاوەڕێی کوبایە


وێستگه‌نیوز- 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەو ڕۆژەی ماوەی 70 ساڵە چاوەڕێی دەکرێت، بەم زووانە دێت و ناوی نا "بەرەبەیانێكی نوێ بۆ کوبا".


ئەم لێدوانانەی ترەمپ، لە میانی چالاکییەکدا هات کە لە شاری فینێکس، لە ویلایەتی ئەریزۆنا بەڕێوەچوو، تێیدا تیشکی خستە سەر چەند پرسێکی گرنگی گۆڕەپانی نێودەوڵەتی.

ترەمپ باسی له‌وه‌ كرد ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ٣ی کانوونی دووەمی ڕابردوودا، لە پرۆسەیەکی سەربازیدا نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلای دەستگیرکرد.

هەروەها وتی: "بەم زووانە، بەهۆی ئەم هێزە گەورەیەوە، ئەو ڕۆژە دێت کە 70 ساڵە چاوەڕێ دەکرێت و پێی دەوترێت "بەرەبەیانێکی نوێ بۆ کوبا".

لە 30ی کانوونی دووەمی ڕابردوودا، ترەمپ مەرسوومێکی واژۆ کرد و تێیدا بڕیاریدا باجی گومرگی ده‌سه‌پێنێت بەسەر هەموو ئەو کاڵایانەی لەو وڵاتانەوە دێن کە نەوت بە کوبا دەفرۆشن یان بۆی دابین دەکەن.

کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کرد ئامانجی ئەم بڕیارە، پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنییەکان و سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، لە بەرانبەر ئەوەی به‌ "سیاسەت و کردەوە زیانبەخشەکانی" کوبا وه‌سفی كرد.

تره‌مپ لە ١ی شوباتی ڕابردوو، دەستپێکردنی گفتوگۆی لەگەڵ حکومەتی کوبا، بۆ ڕێکخستنی دابینکردنی نەوت ڕاگەیاند، بەڵام کوبا ئەوەی ڕەتکردەوە.

سەبارەت بە پرسی لوبنانیش، ترەمپ ئاگربەستی کاتیی نێوان ئیسرائیل و لوبنانی بە "بێوێنە" وەسف کرد.

لە درێژەی قسەکانیدا ده‌ڵێت: "لوبنان دووبارە دەکەینەوە بە وڵاتێکی مەزن، ئەوان گەلێکی باشن و ماوەیەکی درێژە لە دۆخێکی خراپدا دەژین. هیوادارم دۆخی پەیوەست بە حزبوڵڵا، به ‌زووترین کات چارەسەر بکرێت".

ڕوونیشیکردەوە ئاگربەستەکەی لوبنان، هیچ پەیوەندییەکی بەو گفتوگۆیانەوە نییە کە لەگەڵ ئێراندا لە ئارادان.

ڕۆژی پێنجشەممەی رابردوو، ترەمپ دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ جۆزێف عەون، سەرۆک کۆماری لوبنان و بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئاگربەستێکی 10 ڕۆژەی لە لوبنان ڕاگەیاند.


PM:01:27:18/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو