نەتەوە یەکگرتووەکان: ڕۆژانە له‌ شه‌ڕی غه‌ززه‌دا نزیکەی 47 ژن و کچ کوژراون


وێستگەنیوز-

ئه‌مرۆ هه‌ینی، 17ی نیسانی 2026، ئه‌و داتایانه‌ی لەلایەن دەستەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ژنان بڵاوکرانەوە، دەریانخستووە رۆژانه‌ بە تێکڕا، لانی کەم 47 ژن و کچ، لە کاتی جەنگی غەززەدا کوژراون.

هه‌روه‌ها هۆشداریدا له‌وه‌ی، سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕبوونی 6 مانگ به‌سه‌ر ڕاگەیاندنی ئاگربەستە فشۆڵه‌كه‌دا، كه‌چی تا ئێستا كوشتنی هاوڵاتیان به‌رده‌وامه‌.

ئه‌م ده‌سته‌یه‌، ئاژانسێكی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌ و تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر یه‌كسانی جێنده‌ری، له‌ راپۆرته‌كه‌یدا باس له‌وه‌ ده‌كات زیاتر لە 38 هەزار ژن و کچ، لە کەرتی غەززە، لە نێوان تشرینی یەکەمی 2023 و کانوونی یەکەمی 2025دا کوژراون.

سۆفیا کالتۆرب، بەرپرسی کاروباری مرۆیی لە دەستەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ژنان، لە شاری جنێف بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "رێژه‌ی ئه‌و ژن و کچانه‌ی له‌م شه‌ڕه‌دا كوژراون، زۆر زیاتره‌ له‌و رێژه‌یه‌ی كه‌ له‌ ململانێكانی پێشتری كه‌رتی غه‌ززه‌دا كوژراون".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئەوانە مرۆڤ بوون و هه‌ر یه‌كه‌یان خه‌ون و ژیانی خۆی هه‌بوو".

دەستەکە نیگەرانی خۆی له‌وه‌ دەربڕی، دوای ئاگربه‌سته‌كه‌ی مانگی تشرینی یه‌كه‌م، كه‌چی كوشتنی ژنان و كچان هه‌ر به‌رده‌وامه‌. بەڵام بە بەهۆی نەبوونی ئه‌و داتایانه‌ی كوژراوه‌كان به‌ گوێره‌ی ره‌گه‌زی نێر و مێ جیاده‌كاته‌وه‌، بۆیه‌ به‌ وردی ژماره‌ی كوژراوانی ژنان و كچان نازانێت.

ئاگربەستی غه‌ززه‌، جەنگێکی هەمەلایەنەی ڕاگرت کە نزیکەی دوو ساڵی خایاند، بەڵام هێزەکانی ئیسرائیل، هێشتا کۆنترۆڵی ناوچەیەکی چۆڵ لە دانیشتووان دەکەن کە زیاتر لە نیوەی ڕووبەری غەززە پێکدەهێنێت، ئه‌مه‌ لە کاتێکدایه‌ بزووتنەوەی حەماس، شریتێکی ته‌سكی کەنار دەریا به‌ڕێوه‌ده‌بات.

پزیشک و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی، باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، لە دوای مانگی تشرینی یەکەمەوە، زیاد لە 750 فەڵەستینی کوژراون، ئه‌مه‌ لە کاتێکدایه‌ ئیسرائیل دەڵێت چەکدارەکان 4 سەربازی ئیسرائیلیان کوشتووە.

ئیسرائیل و حەماس سەبارەت بە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە، یه‌كتر تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن و ئیسرائیل دەڵێت ئامانجی له‌ناوبردنی هێرشەکانی حەماس و گروپە چەکدارەکانی دیکەیە.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی، 17ی نیسانی 2026، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان "یونیسێف"، ڕایگەیاند هێشتا له‌ غه‌ززه‌، منداڵان به‌ ڕێژەیەکی نیگەرانکەر دەکوژرێن و تووشی پێکاندەبن و له‌ ماوه‌ی شه‌ش مانگی رابردوودا، لانی کەم كوژرانی 214 منداڵ راگه‌یه‌نراوه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، دەستەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ژنان، ئاماژەی بەوە کردووە له‌ غه‌ززه‌، نزیکەی یەک ملیۆن ژن و کچ ئاوارە بوون.

سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌، کالتۆرب ده‌ڵێت: "ئەو زیانە گەورانەی بەر ژێرخان کەوتووە، ده‌ستگەیشتنی ژنان و کچانی غەززەی، بە پێداویستییە سەرەکییەکانیان، وەک چاودێری تەندروستی، کردووەتە کارێکی ئەستەم".

ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ئاماژە بەوە دەکەن زیاد لە 500 هەزار ژن، لە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بێبەشن ، لەوانە چاودێری پێش منداڵبوون و دوای منداڵبوون و چارەسەری نەخۆشییە گوازراوەکان لە ڕێگەی سێکسەوە.


PM:08:43:17/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 84 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو