ئەمینداری (IMO): مەترسی لەسەر ژیانی 20 هەزار دەریاوان هەیە


وێستگەنیوز-

ئەرسینیۆ دۆمینگێز، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی (IMO) سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند کە بەهۆی شەڕی سەر ئێرانەوە، دۆخێکی نائاسایی و مەترسیدار لە کەنداودا دروست بووە.

بەپێی وتەکانی دۆمینگێز، لە ئێستادا نزیکەی 2000 کەشتی کە 20 هەزار دەریاوانیان لەسەرە، لەناو ئاوەکانی کەنداودا گەمارۆدراون و ناتوانن لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕن.

وتیشی: دۆخی گەرووی هورمز "کوشندە و نالەبارە" و نیگەرانییەکان لەبارەی کەمبوونەوەی خواردن، ئاو و سووتەمەنی بۆ دەریاوانەکان لە زیادبووندایە، هەرچەندە وڵاتانی ناوچەکە هاوکاری پزیشکی و مرۆیی پێشکەش دەکەن.

ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کرد پلانێک لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەت ئێران و عومان، لە ئارادایە بۆ چۆڵکردنی کەشتییەکان. ئەم پرۆسەیە پێویستی بە چەند هەفتەیەک هەیە و مەرجی سەرەکیش پاککردنەوەی ناوچەکەیە لە مینە دەریاییەکان. دوای نەمانی مەترسییەکان، پێشبینی دەکرێت ڕۆژانە 130 بۆ 135 کەشتی لە گەرووەکە تێپەڕن و بارودۆخەکە ئاسایی ببێتەوە.


PM:03:37:17/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 88 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو