نەتانیاهۆ: بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادەین و ئامانجمان لەناوبردنی حیزبۆڵایە
وێستگەنیوز-
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک
وەزیرانی ئیسرائیل، نوێترین پێشهاتەکانی شەڕی لە باشووری لوبنان و دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی
لەگەڵ ئێران و لوبنان ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە هێزەکانیان لە لێواری سەرکەوتنێکی
گەورەدان.
نەتانیاهۆ ئاماژەی بەوە
کرد کە سوپای ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر حیزبۆڵا بەردەوامە و ئێستا شەڕەکە لە ناوچەی
"بنت جبیل" چڕبووەتەوە. نەتانیاهۆ وتی: "بنت جبیل پایتەختی حیزبۆڵا
بوو لە باشوور؛ ئەمە هەمان ئەو شوێنەیە کە حەسەن نەسروڵا ٢٦ ساڵ لەمەوبەر تێیدا وتی
ئیسرائیل لە ماڵی جاڵجاڵۆکە لاوازترە. ئێستا ئێمە لە لێواری داگیرکردن و لەناوبردنی
ئەم قەڵا گەورەیەی حزبۆڵاداین."
سەبارەت بە پەیوەندییە
دیپلۆماسییەکان، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتی: "لە کاتێکدا شەڕ دەکەین، لەگەڵ
لوبنان لە دانوستانداین. ئێمە زۆر بەهێزین و وڵاتان ڕوومان تێدەکەن." نەتانیاهۆ
دوو ئامانجی سەرەکی بۆ دانوستانەکان دیاری کرد کە ئەویش بریتین لە هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە حیزبۆڵا و بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزەوە.
نەتانیاهۆ جەختی لەوە
کردەوە کە واشنتۆن بەردەوام ئاگاداریان دەکاتەوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران و
وتی: "ئامانجەکانی ئێمە و ئەمریکا یەکن؛ دەمانەوێت یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێران
بچێتە دەرەوە، توانای پیتاندن لە ناوخۆی ئەو وڵاتە لەناو بچێت و گەرووی هورمزیش بکرێتەوە."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا،
نەتانیاهۆ ئاماژەی بەوە کرد کە هێشتا زووە بوترێت دۆخەکە بە چی کۆتایی دێت، بەڵام
جەختی کردەوە: "ئەگەر شەڕ دەستپێ بکاتەوە، ئێمە بۆ هەر سیناریۆیەک و بۆ هەر ئەگەرێک
بە تەواوی ئامادەین."
PM:09:41:15/04/2026
ئهم بابهته 212
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت