فەڕەنسا زیندانییەکی ئێرانی بۆ وڵاتەکەی گه‌ڕانده‌وه‌


وێستگەنیوز-

ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه‌، 15ی نیسانی 2026، تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران ڕایگەیاند، مەهدیە ئیسفەندیاری، کە هاوڵاتییه‌كی ئێرانییە و لە فەڕەنسا زیندانی کرابوو، به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌ چه‌ندین تۆمه‌ت تۆمه‌تبار كرابوو، له‌وانه‌ بانگه‌شه‌كردن بۆ تیرۆر، ئازاد كرا و گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ ئێران.

گەڕانەوەی ناوبراو، دوای گەڕانەوەی هه‌ردوو هاوڵاتی فه‌ره‌نسی سیسیل کۆلەر و ژاک باریس دێت بۆ فەڕەنسا، ئه‌م دوو هاوڵاتییه‌ فه‌ره‌نسییه‌، له‌ ئێران زیندانی كرابوون و دواتر بۆ ماوەی نزیکەی چوار ساڵ لە تاران، بە تۆمەتی سیخوڕی، له‌ژێر چاودێری و مانه‌وه‌ی زۆره‌ملێدا بوون.

کەناڵی تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران ڕایگەیاند مەهدیە ئیسفەندیاری، "چالاکوانی داکۆکیکار لە مافی فەلەستینییەکان" لە شوباتی 2025ەوە، له‌ فه‌ره‌نسا زیندانی کراوە و دوای ئازادکردنی له‌ زیندان، گەڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ ئێران.

ئیسفەندیاری له‌دایكبووی ئێرانه‌ و ساڵی 2018 گەیشتووەتە فەڕەنسا و دوای ته‌واوكردنی خوێندن لە شاری لیۆن، وەک وەرگێڕ کاری کردووە و سزای چوار ساڵ زیندانیی بەسەردا درابوو، له‌و سزایه‌ ده‌بوو لانی كه‌م ساڵێك به‌ كرده‌یی له‌ زیندان به‌سه‌ر ببات.

دادگای فەڕەنسا به‌وه‌ تۆمەتباری کردبوو كه‌ له‌ نێوان ساڵانی 2023 و 2024، له‌ ئەکاونتەکانی ڕێکخراوی "به‌ره‌ی مقاوه‌مه‌" بەتایبەتی لەسەر پلاتفۆرمەکانی "تێلیگرام"، "ئێکس"، "تویته‌ر" و "یوتیوب"، نووسینی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

لەو بڵاوکراوانەدا، بە شێوه‌یه‌كی تایبەت، ستایشی ئەو هێرشە کرابوو کە بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی، لە حەوتی تشرینی یەکەمی 2023دا، لە ناو ئیسرائیل ئەنجامیدا.

هەروەها له‌ بڵاوكراوه‌كاندا، هانی کردەوەی "تیرۆریستی" دراوه‌ و سوكایه‌تی به‌ جووه‌كان كراوه‌.

لە ئێران، چەند کاتژمێرێک دوای ڕاگەیاندنی بەڕێکەوتنی دوو هاووڵاتییە فەڕەنسییەکە، مانەوەی زۆرەملێ لەسەر مەهدیە ئیسفەندیاری هەڵگیرا.

پێشتر دەسەڵاتدارانی ئێران، له‌ مانگه‌كانی رابردوودا، ئاماژەیان به‌وه‌ كردبوو كه‌ ئاڵوگۆڕی زیندانیان له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا ئه‌نجامداوه‌، به‌ڵام پاریس هه‌رگیز ئه‌وه‌ی پشتڕاست نەکردووه‌تەوە.


PM:06:16:15/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت