ئەمریکا شا ده‌مارەی وزە دەکاتەوە و مینەکانی گەرووی هورمز چۆن لادەبات؟


وێستگەنیوز-

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مریكا، پرۆسەیەکی پڕ مەترسی دەستپێکرد، بۆ لادانی ئەو مینە دەریاییانەی، گومان دەکرێت ئێران لە گەرووی هورمز چاندبێتیان.


واشنتۆن بۆ دووبارە کردنەوەی یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوەکانی وزە لە جیهاندا، کەشتی جەنگی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ژێر ئاو و کۆپتەری تایبەتمەندی، بڵاوکردووەتەوە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ڕایگەیاند دوو تێکشکێنەری ئەمریکی "یو ئێس ئێس فرانک ئی، پیتەرسۆن" و "یو ئێس ئێس مایکڵ مۆرفی" ته‌یار بە موشەکی ڕێنماییکراو، بە ناو ئەم ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەدا تێپەڕیون، ئه‌م تێپه‌ڕبوونه‌ لە چوارچێوەی یەکەم پرۆسەی لەو شێوەیەدایه‌، لە دوای دەستپێکردنی جەنگ لەگەڵ ئێران.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە واشنتۆن هەوڵدەدات ئارامی بۆ تێپه‌ڕبوونی كه‌شتییه‌كان بە ناو ئەم ڕێڕەوە تەسکەدا بگه‌ڕێنێته‌وه‌، کە نزیکەی 20 لەسەدی دابینکردنی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت.

بەڵام لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، تێپه‌ڕبوونی كه‌شتییه‌كان، بە کردەیی لەلایەن ئێرانەوە پەکیکەوتبوو، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی گەلف نیوز، تاران ره‌تیده‌كاته‌وه‌ هیچ كه‌شتییه‌كی ئه‌مریكی به‌ناو گه‌روه‌كه‌دا تێپه‌ڕیبێت.

ئەمریکا چۆن مینەکان لادەبات؟

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەختی له‌وه‌ کردەوە بۆ پاراستنی گەرووی هورمز، بە پشتیوانی هاوپەیمانان، سیستمی پێشکەوتوو و تەقلیدی بۆ لادانی مینەکان بەکاردەهێنرێت.

تره‌مپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگه‌ڵ کەناڵی فۆکس نیوز رایگه‌یاند، "کەشتی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی مین-مان لەوێ هەیە، كه‌شتی مینهه‌ڵگرتنه‌وه‌ی زۆر پێشکەوتووی ژێر ئاو، بەڵام كه‌شتی مینهه‌ڵگرتنه‌وه‌ی تەقلیدی تریش دەهێنین".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت" من ده‌زانم به‌ریتانیا و ژمارەیەک وڵاتی دیکە کەشتی مینهه‌ڵگرتنه‌وه‌ دەنێرن" و باسی له‌وه‌ كرد پاراستنی گه‌رووه‌كه‌: "کاتێ دەوێت، بەڵام بەمزووانە کاریگەر دەبێت".

بەپێی ڕاپۆرتەکە، لەبری ناردنی کەشتییەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ ناو ئاوە مەترسیدارەکان، هێزی دەریایی ئەمریکا بۆ دۆزینه‌وه‌ی مینه‌كان و له‌كارخستنیان، پشت بە سیستمی پێشکەوتووی دوورمه‌ودا ده‌به‌ستێت، له‌وانه‌:

-ئامێری بێفڕۆکەوانی ژێر ئاو، وه‌ك فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە شێوەی تۆربید، بەکاردێن بۆ پشکنینی بنكی دەریا، بە بەکارهێنانی سۆنەری ورد بۆ دیاریکردنی ئەو تەقەمەنییانەی شاردراونەتەوە.

-کۆپتەری جۆری MH-60S، سیستمی پشت بەستوو بە لێزەر بەکاردەهێنن، بۆ پشکنینی ڕووی ئاوەکە و دیاریکردنی مینە سەرئاوکەوتووەکان.

-کاتێک مینەکە دەدۆزرێتەوە، ڕۆبۆتی کۆنتڕۆڵکراو له‌ دووره‌وه‌، به‌ره‌وه‌ مینه‌كان دەجووڵێن، لە مینەکان نزیک دەبنەوە و بە ئارامی دەیتەقێننەوە، بە جۆرێک کە کارمەندەکان بپارێزرێن.

-لەو کاتەدا، تێکشکێنەر و کەشتییە جەنگییە ئەمریکییەکان، له‌ پێناو دابینکردنی چەتری بەرگری ئاسمانی و موشەکی، ده‌ست به‌جووڵه‌ ده‌كه‌ن و له‌ رێگه‌ی بەکارهێنانی سیستمی ڕادار و موشەکی پێشکەوتوو، ئه‌گه‌ری هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی سوپای پاسدارانی ئێران له‌ناوده‌بن.

بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن ئامانجەکە دروستکردنی "ڕێڕەوێکی ئارامە" بۆ کەشتیڕانی بازرگانی و گەڕاندنەوەی وردە وردەی هاتوچۆی ئاسایی بە ناو گەرووەکەدا.


AM:11:56:15/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت