بە هۆی پیرۆزباییکردنی له‌ مه‌سیحییه‌كان تۆمەتی کوفر لە ئەحمەد شەرع دەدرێت


وێستگەنیوز-

وەک ئەوەی ماڵپەڕی یۆرۆنیوز بڵاوی کردووەتەوە، پیرۆزباییەکی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی گواستنەوە لە سووریا، بە بۆنەی جژنی قیامەی مەسیحییەکانەوە، شەپۆلێکی تووندی مشتومڕ و دابەشبوونی سیاسی و ئایینی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

ئەمەش قووڵایی ئەو کەلێنە نیشان دەدات کە لە قۆناغی دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەددا، باڵی بەسەر وڵاتدا کێشاوە.

ئەو پۆستەی شەرع کە بە زمانێکی پرۆتۆکۆڵییانە نووسرابوو، بانگەشەی بۆ ئاشتی و گەشەپێدان دەکرد، له‌لایه‌ن كه‌سایه‌تییه‌ كاریگه‌ره‌ ئیسلامییه‌كانه‌وه‌، ڕووبەڕووی هێرشێکی تەکفیری توند بووەوە، ئەوانەی تا كاتێكی نزیك لەمەوبەر، بڕبڕەی پشتی لایەنگرانی سەربازی و سیاسیی ئەحمەد شەرع بوون.

دیارترین هێرش، لەلایەن کەسایەتییەک بە ناوی ئەبو دوجانە بن غەیاس بوو، ئه‌م پیاوه‌ پیرۆزباییەکەی بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرای شەریعەت" و سەرپێچیی خودا لەقەڵەم دا.

هەروەها هۆشداریی دایە شەرع لە دەرەنجامە خراپەکانی ئه‌و كاره‌ی، به‌وه‌ی ملیۆنان کەس چاوی لێ بکەن و پەیڕەویی لێ بکەن.

کارەکە تەنها لە سنووری ئامۆژگاری ئایینیدا نەمایەوە، بەڵکو گەیشتە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لەلایەن ئەندامانی دەستەی تەحریری شام، ئەوان هەڕەشەی ئەوەیان له‌ شەرع كرد پشتگیریی هێزە مەیدانییەکانی وەک "عەسائیب ئەلحومر" و "کەتیبەکانی خالید" لەدەست دەدات.

هه‌روه‌ها ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی ته‌حریری شام جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ "گوێڕایه‌ڵی كه‌سێك گونجاو نییه‌ سه‌رپێچی خودا بكات" و لەدەستدانی لایەنگرە ڕاستەقینەکانی، نزیک بووەتەوە.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، بەرەی لیبرالی لە تەل، بەیاننامەیەکی ناڕەزایەتییان بڵاوکردەوە و تێیدا گاڵتەجاڕی خۆیان نیشاندا بەوەی چۆن ئەحمەد شەرع، لە چاوی هاوپەیمانە کۆنەکانیدا، بووەتە کافر، تەنها لەبەر ئەوەی ئەرکی سەرۆکایەتی خۆی بەرانبەر پێکهاتەکانی گەلەکەی ئەنجام داوە.

به‌ره‌ی لیبرال،هۆشدارییاندا له‌وه‌ی ئەم فکرە تەکفیرییە، تەنها مەسیحییەکان ناکاتە ئامانج، بەڵکو هەموو قوتابخانە میانڕەوە ئیسلامییەکانی وەک ئەشعەری و سۆفیگەرییش تەکفیر دەکات، هێرشبەرەکانیشیان بە بکوژانێک کە سواری شەپۆلی شۆڕش بوون و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌ به‌هاكانی شۆڕشه‌وه‌ نییه‌، وەسف کرد .


PM:08:52:14/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت