چوار گرێ رێگرن لە ڕێککەوتن، خاڵە هاوبەش و جیاوازەکان لە دانوستانەکانی پاکستان


وێستگەنیوز-

خولی دانوستانە ماراسۆنییەکانی نێوان شاندی ئەمریکی بە سەرۆکایەتی جای دی ڤانس، جێگری سەرۆک دۆناڵد ترامپ و شاندی ئێرانی بە سەرۆکایەتی محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان، کە 21 کاتژمێری خایاند، لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەبێ ڕێکەوتن کۆتایی هات.


سەرەڕای دانوستان و ڕاوێژی چڕ، شاندی ئەمریکی شوێنەکەی جێهێشت و ڕایگەیاند "کۆتا و باشترین پێشنیار"ی خۆی پێشکەش کردووە و ئێران ڕەتی کردووەتەوە، لە کاتێکدا تاران جەختی کردەوە دانوستانەکان دەچنە ئاستی شارەزایان و ئاڵوگۆڕی بەڵگەنامەکان و هێشتا ڕێڕەوەکە دانەخراوە.

چۆن خولێکی دانوستانی گرنگ، بەم بنبەستە کۆتایی هات؟ هەر لایەنێک داوای چی دەکرد؟ ئەگەری لێکتێگەیشتن لە کوێ دەرکەوت و ناکۆکییەکان لە کوێ بەردەوام بوون؟ ڕێڕەوی چاوەڕوانکراو چییە؟ ئەو ڕێکەوتنە چی بوو کە دانوستانی لەسەر دەکرا؟

واشنتۆن چی دەویست؟

واشنتۆن لە سەرەتاوە سێ خاڵی دیاری کردبوو:

1-دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز و دابینکردنی ئازادی هاتوچۆی دەریایی نێودەوڵەتی، ترامپ ڕایگەیاند سوپای ئەمریکا دەستی کردووە بە "ئامادەکردنی زەمینە" بۆ لادانی مینەکان و دوو کەشتی جەنگی بە گەرووەکەدا تێپەڕیون، كه‌چی دواتر تاران ڕەتیکردەوە.

2-دەستەبەرکردنی ئەوەی ئێرانییەکان واز لە هەر هەوڵێک بۆ خاوەندارێتی چەکی ئەتۆمی بهێنن، ئەمەش ڕزگاربوون لە کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاستبەرز، ڕاگرتنی بەرنامەی موشەکی بالیستی و پشتگیری نەکردنی هاوپەیمانە ناوچەییەکان دەگرێتەوە.

3-جێگیرکردنی ئاگربەست، بەبێ پێدانی دەستکەوتی سیاسی بە ئێرانییەکان لە دۆسیە ناوچەییەکاندا وەک لوبنان، ڤانس پێیوایه‌ قسەکردن لەسەر بەیرووت "خراپ تێگەیشتنە" و ڕێکەوتنەکە تەنها لەسەر ڕاگرتنی جەنگی ئەمریکا-ئێرانە.

تاران چی دەویست؟

لای خۆیەوە تاران بە 4 داواکاری سەرەکییەوە هاتبووە ئیسلام ئاباد:
1-ئازادکردنی سەرمایە بلۆککراوەکان لە قەتەر و بانکە بیانییەکان، کەمکردنەوەی سزای ئابووری و قەرەبووکردنەوەی تێچووی جەنگ.

2-دانپێدانان بە کۆنترۆڵی خۆی بەسەر گەرووی هورمزدا کە 20٪ی بازرگانی وزەی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت.

3-کۆتاییهێنانی تەواوەتی جەنگ و هێنانی لوبنان بۆ ناو رێكه‌وتنی ئاگربەست.

4-تاران جەختی لە مافی خۆی بۆ بەرنامەیەکی ئاشتیانە کردەوە و وازهێنان لە پیتاندنی ڕەتکردەوە.

لێکنزیکبوونەوە لە کوێ بوو و ناکۆکی لە کوێ مایەوە؟

خاڵە هاوبەشەکان

سەرەڕای شکستی خولەکە بەبێ ڕێکەوتن، نیشانەی بوونی زەمینەیەکی هاوبەش دەرکەوتن، بەجۆرێک ئاژانسی (ئەسۆشێتد پرێس) لە زاری بەرپرسانی پاکستانەوە بڵاویكرده‌وه‌، شاندی هەردوو وڵات، دوای پشوویەک، دەست بە گفتوگۆکان دەکەنەوە و "هەندێک لە شارەزایانی هەردوو لا هێشتا کۆدەبنەوە".

هەروەها بەرپرسێکی پاکستانی بە میدیاکانی ڕاگەیاند "گفتوگۆکان بە ئاراستەیەکی ڕاستدا دەڕۆن" و کەشەکە دۆستانە بووە.

لە لایەنی ئێرانییەوە، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاند هەردوولا لە هەندێک خاڵدا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن، بەڵام لە دوو یان سێ خاڵدا "له‌یه‌كه‌وه‌ دوورن".

حکومەتی ئێران لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند، شارەزایانی هەردوولا، بەڵگەنامە ئاڵوگۆڕ دەکەن و جەختی کردەوە "دانوستان سەرەڕای هەندێک ناکۆکی بەردەوام دەبێت".

ئەم لێدوانانە ئاماژەن بۆ بوونی ڕەشنووسی دەقی هاوبەش و ڕەنگە لێکنزیکبوونەوەی سەرەتایی سەبارەت بە درێژکردنەوەی ئاگربەست یان جۆرێک لە کەمکردنەوەی سزا ئابوورییەکان هه‌بێت، لە بەرامبەر سنووردارکردنی ده‌سه‌ڵاتی ئێران لە گەرووەکەدا.

جگە لەوەش، لایەنی ئەمریکی جەخت له‌وه‌ دەکاتەوە "ڕێگەیەکی لێکتێگەیشتنی سادە"ی بۆ ئێران جێهێشتووە و ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێراندایە، ئەمەش واتای بوونی پێشنیارێکی نووسراو دەگەیەنێت کە دەکرێت بۆی بگەڕێنەوە.

خاڵە ناکۆکەکان

دیارترین خاڵە ناکۆکەکان لە دەوری چوار دۆسیە بوون:

-دۆسیەی ئەتۆمی: واشنتۆن داوای بەڵێنێکی ڕاشکاوی کرد بۆ هەوڵنەدان بۆ چەکی ئەتۆمی، لە کاتێکدا تاران تەنها جەختی لە ئامانجە ئاشتیه‌کانی کردەوە و ڕەتیکردەوە پابەندییەکی هەمیشەیی بدات.

ڤانس ڕوونی کردەوە کێشەکە تەنها لە توانای پیتاندنی ئێستا نییە، بەڵکو لە نەبوونی "پابەندییەکی ویستراو"ی درێژخایەندایە.

-گەرووی هورمز: ئێران جەختی لە سەروەری خۆی کردەوە و کردنەوەی گەرووەکەی ڕەتکردەوە مەگەر "ڕێکەوتنێکی ژیرانە" بەدەست بهێنێت، لە کاتێکدا واشنتۆن جەختی لە ئازادی هاتوچۆی بێ مەرج کردەوە.

تەنانەت لە کاتی ئاگربەستەکەشدا، ئێران ئەمریکای تۆمەتبار کرد بە تێپەڕاندنی سنووره‌ ئاوییەکان، لە کاتێکدا ترامپ وتی هێزەکانی ئەمریکا دەستیان کردووە بە لادانی مینەکان.

-لوبنان و بەرەکانی تر: تاران ڕاگرتنی شەڕی بەستەوە بە کۆتاییهێنانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵا، لە کاتێکدا واشنتۆن و "ئیسرائیل" ئەم دۆسیەیەیان بە دەرەوەی دانوستان دانا، ئەمەش کەلێنێک بوو کە هەر ڕێکەوتنێکی لەسەر ئاگربەست، لە ڕوانگەی ئێرانییەکانەوە بە ناتەواو دەهێشتەوە.

-هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان و قەرەبووی جەنگ: ئێران داوای قەرەبوو و هەڵگرتنی تەواوەتی سزاکانی کرد، لە کاتێکدا واشنتۆن ئامادەیی بۆ هەڵگرتنێکی سنوورداری سزا ئابورییه‌كان نیشاندا، لە بەرامبەر پابه‌ندبوونی ئێران به‌ دۆسییه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی و هیچ ئاماژەیەکی بۆ قبوڵکردنی پێدانی قەرەبوو نیشان نەدا. تەنانەت کۆشکی سپی بە ئەنقەست بێدەنگی بەرامبەر داواکاری قەرەبووەکان هەڵبژارد، ئەمەش گومانی لای تاران زیاد کرد.

بۆچی خولەکە پەکیکەوت؟

ناونیشانی دیاری پەککەوتنەکە ئەو مەودا گەورەیەی نێوان مه‌رجه‌كانی هەر لایەک بوو، بەڵام هۆکاری قووڵتر هەن:

1-کەلێنی متمانە: ئێرانییەکان کشانەوەی واشنتۆن لە ڕێکەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2018 و سزاکانی دوای ئەوەیان بیر ناچێتەوە، بۆیە داوای گەرەنتی بەرجەستە و هەڵنەوەشاوەیان دەکرد.

لە بەرامبەردا، ئەمریکییەکان گومانیان لە نییەتەکانی تاران هەیە، بەهۆی چالاکییە ناوچەییەکانی و هەر بەڵێنێکی زارەکی بە ناتەواو دەبینن.

2-ڕیزبەندی لەپێشینەکان: بۆ واشنتۆن، ڕێگریکردن لە ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، لەپێشینەیەکە کە ڕەنگە پێش کردنەوەی هورمز بکەوێت، لە کاتێکدا تاران وا دەبینێت کە هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆی ئابووری و کۆتاییهێنانی تەواوەتی جەنگ، مەرجە بۆ چوونە ناو هەر پابەندییەکی ئەتۆمی، ئەمەش وای کردووە ڕیزبەندی هەنگاوەکان ببێتە جێی

ناکۆکی: کێ پێشتر سازش دەکات؟

3-ڕۆڵی "ئیسرائیل" لە دانوستانەکاندا: بەردەوامی هێرشەکان بۆ سەر لوبنان، لە کاتی ئاگربەستدا کەشوهەوای متمانەی تێکدا، بەتایبەت ئێرانییەکان مەرجی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ بەرەی لوبنان هێور بکرێتەوە.

لە کاتێکدا ئیدارەی ئەمریکا پێی وایە هێنانی حزبوڵا بۆ ناو ئاگربەستەکە، بەواتای پێدانی ئیمتیازێکی ستراتیژییە بە تاران بەبێ بەرامبەر.

4-هاوسەنگی سیاسی لای هەر لایەک: ترامپ کە ڕووبەڕووی هەڵبژاردنی نزیک دەبێتەوە (نوێکردنەوەی نیوەیی کۆنگرێس) ڕایگەیاند بۆی گرنگ نییە، دانوستانەکان سەردەکەون یان نا و وڵاتەکەی "پێشوەختە بردوویەتیەوە"، ئەمەش مەودای مانۆڕی بۆ ڤانس کەمکردەوە.

سەبارەت بە ئێران، پاشخانی تیرۆرکردنی ڕابەری باڵا عەلی خامنەیی و سەرکردە سەربازییەکان، فشاری "سوپای پاسداران"ی لەسەر شاندی دانوستانکار زیاد کردووە، ئەمەش توانای شاندەکەی بۆ پێدانی سازش سنووردار کردووە.

داهاتووی دانوستانەکان چییە؟

سەرەڕای نائومێدییەکان، هیچ کام لە لایەنەکان هەڵوەشاندنەوەی دانوستانه‌كانیان ڕانەگەیاندووە. بەرپرسانی پاکستانی جەختیان له‌وه‌ کردەوە دانوستانەکان "بەردەوام دەبن" و تیمە تەکنیکییەکان ڕەشنووسی دەقەکانیان ئاڵوگۆڕ کردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری گەڕانەوەی دواتر.

ڤانس وتی ئیدارەکەی چاوەڕێ دەکات بزانێت ئایا تاران، کۆتا پێشنیار قبوڵ دەکات؟ لە کاتێکدا بەقایی ئاماژەی بە بەردەوامی پەیوەندییە تەکنیکییەکان کرد.

وا دیارە ئەگەری ڕێکەوتنی گشتگیر دوورە، چونکە دۆسیە کەڵەکەبووەکان:

ئەتۆمی، هورمز، لوبنان، سزا ئابوورییەکان، قەرەبووەکان، بەیەکەوە بەستراون و ئاڵۆزن.

لە هەمان کاتدا، هەردوولا ناتوانن بە ئاسانی بۆ جەنگی کراوە بگەڕێنەوە. بۆیە، واقیعی ئابووری و سیاسی، ڕەنگە هەردوولا ناچار بكات بۆ "ڕێکەوتنێکی لاوه‌كی" له‌ نمونه‌ی کردنەوەی بەشێکی گەرووی هورمز لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا، ئازادکردنی بەشێک لە سەرمایەکانی ئێران و کەمکردنەوەیەکی دیاریکراوی سزاکان، لەگەڵ پابەندی ئێران بە بەرزنەکردنەوەی ئاستی پیتاندن یان پەرەپێدانی موشەکی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، لە کاتێکدا باس لە قەرەبوو و لوبنان بۆ کاتێکی تر دوابخرێت. ئەم ڕێکەوتنە یارمەتی هەردوولا دەدات بۆ پاراستنی ڕووی خۆیان؛ ئێرانییەکان هەناسەیەکی ئابووری وەردەگرن و هێزی بەرپەرچدانەوەی خۆیان دەسەلمێنن، ئەمریکییەکانیش هاتوچۆی نەوت و دەستپێنەکردنی بەرنامەی ئەتۆمی سەربازی مسۆگەر دەکەن.

لە مەودای ناوەنددا، دانوستانەکان وەک ڕێڕەوێکی کراوە بەڵام بە ئاستێکی نزم دەردەکەون. ئەگەر تاران ئەو "ڕێگە سادەیە" قبوڵ بکات کە ڤانس باسی کرد، ڕەنگە لایەنەکان لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا بگەڕێنەوە بۆ ئیسلام ئاباد یان پایتەختێکی تر.

بەڵام ئەگەر هەر لایەک دەست بگرێت بە بەرزترین ئاستی داواکارییەکانی، ئەوا پێدەچێت ئاگربەستەکە بگۆڕێت بۆ ئارامییەکی فشۆڵ کە پێش خولێکی نوێی ململانێ بکەوێت، بەتایبەت ئەگەر میکانیزمێکی پابەندکەر نەبێت بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی ڕەنگە لەسەری ڕێکبکەون.


PM:12:06:12/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 472 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت