جەنگی حزبوڵڵا لوبنان وێران دهكات.. خوێن و تەرم و فرمێسک
وێستگەنیوز-
کارمەندانی فریاگوزاریی به ماندوویی و شهكهتبوونهوه، کیسی پڕ لە تەرم، لەو ئەمبوڵانسهكانهوه دادهگرن كه ڕاستەوخۆ له ساردخانەی تهرمهكانهوه گهڕاونهتهوه، تا پاشماوەی ئەو تەرمانە پێشانی کەسوکاریان بدەن، پێش ئەوەی بە خاک بسپێردرێن.
پاش تێپەڕبوونی نزیکەی 24 کاتژمێر بەسەر خوێناویترین هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیروتی پایتەختی لوبنان، لە ماوەی چەندین دەیەی ڕابردوودا، هێشتا تیمەکانی ڕزگارکردن، لەژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکاندا، خهریكی دەرهێنانی تەرمە شێوێندراو و پارچەپارچەبووەکانن.
ڕۆژی چوارشەممە، 8ی نسیانی 2026، به هۆی هێرشهكانی ئیسرائیل بۆ سهر لوبنان، زیاتر لە 250 کەس لە سەرانسەری لوبناندا کوژران، لەنێویاندا چەندین هێرش كرایه سهر ناوهندی بێروت و هێرشهكان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە ئەنجامدران.
یەکێک لە کوژراوەکان برای "خەیر حەمییە"ی تەمەن 54 ساڵ و برازایەکی گەنجی بوو. هەردووکیان لە هێرشێکدا بۆ سەر گەڕەکی "سەلم" کوژران کە گەڕەکێکی قەرەباڵغ و ئاوەدانە لە بەیروت.
حەمییە لەبەردەم ساردخانەی نەخۆشخانەی زانکۆیی ڕەفیق حەریری، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند: "چاوەڕێین، چونکە قەرەباڵغییەکی زۆر هەیە"، ئاماژەی بەوەش کرد ژمارەیەکی زۆر کوژراو هەن، لەنێویاندا ژمارهیهك "ژن و منداڵ" ههیه.
ئەو هێرشەی ئیسرائیل لە چوارچێوەی هەڵمەتێکدایە و تێیدا ئیسرائیل دەڵێت حیزبوڵڵای سەر بە ئێران دەکاتە ئامانج، بهڵام ماڵەکەی ئهوانی وێران كردووه و "خەدیجە"ی کچی بچووكی براكهی بریندار کرد، کە لە تەنیشتییهوه وەستابوو و دەموچاوی بە پەڕۆی پزیشکی داپۆشرابوو. حەمییە وتی: "ئەم کچە، باوکی کوژرا و براکەی تریشی هەر کوژرا، تەنها یەک برای بۆ ماوەتەوە.. باشه دەبێت ئێمه چی بکەین؟".
زەینەب، دایکی خەدیجە، لە نێوان هەنسک و قوڵپی گریاندا، بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند ناچار بووە بە تەنها ههر خۆی، تەرمی هاوسەرەکەی و کوڕە 13 ساڵانەکەی هەڵبگرێت و بیانهێنێته خوارهوه بۆ سهر زهوی.
کۆکردنەوەی پاشماوەی تەرمەکان
بەرگریی شارستانیی لوبنان ڕایگەیاند رۆژی چوار شهممه، لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیروت، لانی کەم 92 کەس کوژراون، 61 کەسی تریش لە ناوچەی زاحیەی باشووری بەیروت گیانیان لەدەستداوە.
یەکێک لە کارمەندانی بەرگریی شارستانی، لەبەردەم نەخۆشخانەکە ئاماژەی بەوە کرد ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی، بە هەوڵدان بۆ دەرهێنانی قوربانییەکان، لەناو باڵەخانە نیشتەجێبووە وێرانبووەکانی سەرانسەری شارەکە، بەسەر بردووە.
ئەم كارمهنده کە بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوی قسەی بۆ ڕۆیتەرز کردووە، وتی: "هەوڵ دەدەین پارچەی تەرمەکان کۆبکەینەوە، چونکە هەموویان پارچەپارچە بوون... پێشتر شتی وەهام نەبینیوە".
ئەو کەسوکارانەی لەبەردەم دەروازەی ساردخانەکەدا چاوەڕێ بوون، بە کوڵ دەگریان و پەیوەندییان بە خزمەکانی تریانەوە دەکرد، بۆ ئەوەی پێیان ڕابگەیەنن، توانیویانە ناسنامەی ئازیزانیان، لە ناوەوە دیاری بکەن؛ سێ ژنیش لەسەر شۆستەکە دانیشتبوون و دڵنەوایی یەکتریان دەدایەوە.
دکتۆر محەمەد زەعتەری، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "ژمارەکان زۆرن و بارودۆخەکە کارەساتبار و بەئازارە".
ئهو پزیشكه، ئامادە نەبوو ژمارەی ئەو تەرمانە ئاشکرا بکات کە لە ساردخانەکەدان، بەڵام یەکێک لە کارمەندانی تهندروستی بە ڕۆیتەرزی وت لانی کەم 100 تەرم لە ناوەوە هەن.
دكتۆرهكه باس لهوه دهكات هەر کەسێک کەسوکاری بێسەروشوێنی هەبێت، دەبێت پەیوەندی بە نەخۆشخانەکانی بەیروتەوە بکات، کە لە قۆناغەکانی داهاتوودا، دەست دەکەن بە پشکنینی (DNA) بۆ ناسینەوەی ئەو تەرمانەی سیمایان نەماوە و ناناسرێنەوە.
ماڵەکان فڕین
کارمەندانی بهرگری شارستانی، بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند لە گەیشتن بە هەندێک لەو باڵەخانانەی بۆردومان کراون، ڕووبەڕووی سەختی و ئاستهنگ بوونەتەوە، چونکە شەقامەکان ئەوەندە تەسک بوون، ئەمبوڵانس و شۆفڵەکان نەدەتوانی پێیاندا تێپەڕن.
نەدا جابر بە ڕۆیتەرزی وت کوڕی براکەی، لە هێرشهکهدا کوژراوە، بەڵام تیمەکانی ڕزگارکردن، نەیانتوانیوە تەرمەکەی دەربهێنن تا بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، نهدا دۆخەكهی لە یەک ڕستەدا کورت کردەوە و وتی: "ماڵەکان فڕین".
سوپای ئیسرائیل، پێش هێرشەکان هۆشداریی چۆڵکردنی بۆ دانیشتووانی زاحیەی باشوور و باشووری لوبنان دەرکردبوو، بەڵام بە وردی دیاریی نەکردبوو کێ دەپێکێت. هیچ هۆشدارییەکیش سەبارەت بە ناوەندی بەیروت دەرنەچووبوو کە ئەوێش بۆردومان کرا.
عەبدولڕەحمان محەمەد، گەنجێکی سوریی 24 ساڵ، لە کاتی هەڵگیرسانی جەنگی وڵاتەکەی، لە ساڵی 2011 لە بەیروت دەژی، وتی پێنج ئەندامی خێزانەکەی لەدەستداوە. ههروهها دهڵێت تازە خوشکەکەی گەیاندبووەوە ماڵەوە، ئهمه پێش ئەوەی هێرشێکی ئیسرائیل ناوچەکە بکاتە ئامانج.
ئەو بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند: "بۆ پیاسەیەکی کورت چوومە دەرەوە و لێیان دا، کە گەڕامەوە باڵەخانەکەم نەدۆزییەوە. نە باڵەخانەکە و نە خوشکەکەم و نە خێزانەکەم، هیچم نەدۆزییەوە".
محەمەد دهڵێت: "ون بوون، هەموو خێزانەکە تیاچوون. من لە ساڵی 2011، لە سوریاوە هاتم بۆ ئیره، ئێستا دەگەڕێمەوە بۆ سوریا و تەرمی پێنج کەس لە خێزانەکەم لەگەڵ خۆم دەبەمەوە".
ڕۆیتەرز لەگەڵ چەند سورییەکی تر قسەی کردووە، ئهوانیش باسیان لهوه كردووه کەسوکاریان لە هێرشەکاندا کوژراون.
ههروهها محەمەد دهڵێت: "کوژراوی سوری زۆرن، تەنها خێزانی من نین، زۆری تریش كوژراون. بڕۆ بپرسە، پڕە لە کوژراوی سوری. خوێنی لوبنانی و سوری تێکەڵ بووە".
ئیسرائیل، مانگی ڕابردوو، بۆ لەناوبردنی حیزبوڵڵا، چووە ناو خاکی لوبنانەوە، هاوتەریب لەگەڵ جەنگ دژی ئێران، دەڵێت ئۆپەراسیۆنەکانی لە لوبنان، ئەو ئاگربەستە نایگرێتەوە کە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ درەنگانی شەوی سێشەممە ڕایگەیاند.
بەڵام پاکستان، کە یارمەتیدەر بووە لە نێوەندگیریی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، ڕایگەیاند ئاگربەستەکە لوبنانیش دەگرێتەوە.
PM:02:23:10/04/2026
ئهم بابهته 84
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت