لە ڕووی یاساییەوە، ئایا ئێران دەتوانێت باج و سەرانە لە گەرووی هورمز بسەپێنێت؟
وێستگەنیوز-
لە سایەی ههڵكشانی زیاتری گرژییە بەردەوامەکانی گەرووی هورمز، پرسیارێکی تهواو یاسایی هاتووهته ئاراوه، سەبارەت بهوهی ئایا ئێران له بنهڕهتدا، مافی یاساییی ههیه، بۆ سەپاندنی باج و ڕسومات بەسەر ئەو کەشتییانەی بە ناو ئەو ڕێڕەوەدا تێدەپەڕن؟
وەڵامی ئەم پرسیارە تەنیا پەیوەست نییە بە هاوسەنگییه سیاسییەكانهوە، بەڵکو به پلەی یەکەم، پشت بە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەبەستێت. بە گوێرەی ئاژانسی "ڕۆیتەرز"، گەرووی هورمز، وەک گەروویەکی نێودەوڵەتی پۆلێن دەکرێت و ملکەچی سیستمی "تێپەڕبوونی بێوەستان"ە.
ئەم سیستمە مافی تێپەڕبوونی خێرا و بەردەوام بۆ کەشتییەکان دەستەبەر دەکات، بێ ئەوەی پێویستییان بە مۆڵەتی پێشوەختە، یان پێدانی پارە لە بەرامبەر خودی پرۆسهی تێپەڕبوونەکەدا هەبێت.
لە لایەکی ترەوە، بەپێی ڕێکەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسا دەریاییهکان، وڵاتانی هاوسنووری گەرووەکە، مافی ئەوەیان هەیە تەنیا ڕسوماتێکی دیاریکراو، لە بەرامبەر پێشکەشکردنی هەندێک خزمەتگوزاریی تایبەت بسەپێنن، وەک ڕێپیشاندانی دەریاوانی، یان خزمەتگوزاریی ڕاکێشان و بەندەرەکان؛ بە مەرجێک ئەو ڕسوماتە بۆ تێپەڕبوون، ناچاری نەبن و جیاکاریش لە نێوان کەشتییەکاندا نەکەن.
ئەم بنەمایە کاتێک زیاتر ڕوون دەبێتەوە کە بەراوردکاری لەگەڵ ڕێڕەوە ئاوییەکانی تری جیهاندا دەکرێت. بۆ نموونە کەناڵە دەستکردەکان، وەک کەناڵی پەنەما، بەهۆی سروشتە دروستکراوەکەیانەوە، باج دەخەنە سەر تێپەڕبوون، بەڵام گەرووە سروشتییەکان، ملکەچی یاسای تەواو جیاوازن.
بۆ نموونە، گەرووەکانی تورکیا، بۆسفۆر و دەردەنیل، ملکەچی ڕێکەوتننامەی مۆنترۆی ساڵی 1936ن، کە ئازادیی تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان، لە کاتی ئاشتیدا، گەرەنتی دەکات و تەنیا ڕێگە بە سەپاندنی ڕسوماتی یەکگرتوو دەدات، لە بەرامبەر خزمەتگوزارییەکی دیاریکراودا، نەک وەک باجێکی گشتی بۆ تێپەڕبوون.
لەبەر ئەوە، هەر هەوڵێک بۆ سەپاندنی باج و سەرانە بەسەر هاتوچۆی گەرووی هورمزدا، بە پێشێلکاریی پرەنسیپی ئازادیی دەریاوانی لە یاسای نێودەوڵەتیدا ئەژمار دەکرێت. ئەمەش دەرگا بە ڕووی گرژیی فراوانتردا دەکاتەوە، نەک تەنیا لە ئاستی سیاسی، بەڵکوو لە سەر ئاستی ئاسایشی وزەی جیهانیشدا.
بەرپرسانی کەرتی گواستنەوەی دەریایی، جەختیان لهوه کردەوە لە مێژووی نوێدا، هیچ کاتێک هەنگاوێکی تاکلایەنە بۆ سەپاندنی باج بەسەر تێپەڕبوونی گەرووەکەدا نەنراوە.
لای خۆشییەوە، ڕۆژی پێنجشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئێرانی ئاگادار کردەوە لە سەپاندنی هەر جۆرە باجێک، بەسەر ئەو کەشتییە بارهەڵگرانەی لە گەرووی هورمز تێدەپەڕن؛ ئەمەش دوای ئەوە هات تاران ڕەزامەندی دەربڕی، لەسەر دووبارە کردنەوەی ئەو ڕێڕەوە گرنگە، وەک بەشێک لە ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" ڕایگەیاند: "هەندێک ڕاپۆرت هەن ئاماژە بەوە دەکەن ئێران باج دەسەپێنێت بەسەر ئەو تانکەرە نەوتانەی بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن. باشترە ئەوە نەکات، ئەگەر دەستیشی پێکردووە، باشتر وایە هەر ئێستا ڕایبگرێت".
PM:12:07:10/04/2026
ئهم بابهته 424
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت