موجتەبا خامنەیی لە پەیامێکدا جەخت لە وەرگرتنی "قەرەبوو" دەکاتەوە
وێستگەنیوز-
میدیاکانی ئێران ڕۆژی
پێنجشەممە دەقی پەیامێکی موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بڵاوکردەوە،
لە پەیامەکەدا جەخت لە سەپاندنی سنووردارکردنی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز و وەرگرتنی
"قەرەبوو" لەلایەن ئێرانەوە کراوەتەوە.
لە پەیامەکەدا هاتووە: "بە دڵنیاییەوە بەڕێوەبردنی گەرووی
هورمز دەخەینە قۆناغێکی نوێوە و داوای قەرەبووی یەکە یەکەی ئەو زیانانە دەکەین کە
بەرمان کەوتووە، لەگەڵ خوێنبای شەهیدان و دیەی بریندارانی ئەم جەنگە."
موجتەبا خامنەیی لە پەیامەکەیدا هۆشدارییەکی ناڕاستەوخۆی
ئاراستەی وڵاتانی دراوسێی باشووری ئێران کردووە و تێیدا هاتووە، "بە دروستی
ببینن و تێبگەن، لە شوێنی ڕاستدا بوەستن و بەدگومان بن بەرامبەر بە بەڵێنە درۆینەکانی
شەیتانەکان." هەروەها داوای لەو وڵاتانە کردووە کە "پەرچەکردارێکی
گونجاو" نیشان بدەن تاوەکو "براێتی و دڵسۆزیی" ئێران ببینن.
لە پەیامەکەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیدا، ئاماژەیەکی ئەوتۆ بە
دانوستانەکانی داهاتووی نێوان ئێران و ئەمریکا نەکراوە، تەنیا داوا لە لایەنگرانی
حکومەت کراوە کە لە شەقامەکاندا بمێننەوە و دەڵێت: "هەرا و هاواری ئێوە لە مەیدانەکاندا،
کاریگەری لەسەر ئەنجامی دانوستانەکان دەبێت."
PM:09:30:09/04/2026
ئهم بابهته 264
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت