ئەحمەد وەحیدی "پیاوی یەکەمی ئێران" لە پشتی پەردەوە ئۆپەراسیۆنەکان بەڕێوەدەبات
وێستگەنیوز-
دوای برینداربوونی موجتەبا خامنەیی و نادیاریی دۆخی تەندروستی، باس لهوه دهكرێت فەرماندەی نوێی سوپای پاسداران ئەحمەد وەحیدی، بە کردەیی بووەتە کەسی یەکەمی ڕژێمی ئێران و بڕیاردەری سەرەکی لە پرسە گەورەکاندا. بهڵام لهگهڵ ئهوهشدا وەحیدی بە درێژایی ٤٠ ڕۆژی جەنگهكه، هەرگیز لە دەركەوتنی گشتیدا نەبینراوە.
دوای کوژرانی عەلی خامنەیی ڕابەری ئێران و هەروەها محەمەد پاکپوور فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران، لە سەرەتای هێرشەکانی ٢٨ی شوباتی ڕابردوو، ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەیی سوپای پاسدارانی گرتە دەست، ئهمه دەستنیشانکردنێک بوو، لە بارودۆخێکی بێوێنەدا و لە ناوەڕاستی داڕمانی بەشێک لە پێکهاتەی فەرماندەیی سەربازیی ڕژێمدا روویدا.
ههروهها بۆ یەکەمجاره لە مێژووی ڕژێمی ئێراندا، فەرماندەی گشتیی سوپا، لەلایەن کۆمەڵێک لە فەرماندەکانی ئەو دەزگا سەربازییە و پێش دەستنیشانکردنی ڕابەرێکی نوێ، هەڵبژێردرا. بەڵام لەو کاتەوە، وەحیدی بە کردەیی لە گۆڕەپانی گشتیدا دهرنهكهوتووه.
لەم 40 ڕۆژەی ڕابردوودا، هیچ وێنە یان ڤیدیۆیەکی ئامادەبوونی مەیدانی ئەو بڵاونەکراوەتەوە و تاکە بەڵگە لەسەر چالاکییەکانی، پەیامێکی سەرەخۆشی بوو کە لە 18ی ئازاری ڕابردوو، بە بۆنەی کوژرانی غولامڕەزا سولەیمانی، سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوی بەسیج، بڵاویکردەوە، دوای ئەوە گەڕایەوە بۆ بێدەنگییەکی تەواو.
ئەم نادیاربوونە، لە کاتێکدایە ئەحمەد وەحیدی، یەکێکە لە دیارترین کەسایەتییە ئەمنی و سەربازییە دێرینەکانی ڕژێمی ئێران و بڕوانامەی ماستەری لە ئەندازیاری ئەلیکترۆنی و دکتۆرای لە خوێندنی ستراتیژیدا هەیە و یەکێک بووە لە ئەندامە سەرەتاییەکانی سوپای پاسداران، دوای شۆڕشی 1979 و هەروەها لە نێوان ساڵانی 1985 بۆ 1988 پۆستی جێگری دەزگای هەواڵگری سوپای هەبووە.
ساڵی 1988 فەرماندەیی فەیلەقی قودسی وەک باڵی دەرەوەی سوپای پاسداران گرتە دەست، لەو پۆستەدا تا ساڵی 1997 مایهوه، لهو ساڵهدا قاسم سولەیمانی لە شوێنی دانرا.
له ماوهی مانهوهی لهو پۆستهیدا، وەک یەکێک لە دیارترین داڕێژەران و جێبەجێکارانی ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکان ناسرا، لەوانەش تیرۆرکردن و تەقینەوەکان لە دەرەوەی ئێران.
لەو قۆناغەدا پێکهاتەی فەیلەقی قودس، وەک دەزگایەکی سەربازیی تا ڕادەیەک سەربەخۆ، لە ناو سوپای پاسداران چەسپا و تۆڕی پەیوەندییەکانی ڕژێمی ئێران، لە لوبنان و سووریا و ناوچەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوان بوو.
لەو چوارچێوەیەدا ناوی ئەحمەد وەحیدی، بە چەندین دۆسیەی نێودەوڵەتییەوە بەستراوەتەوە، لەوانەش تۆمەتبارکردنی سەرەکی بە تەقینەوەی ناوەندی جولەکەکان لە ساڵی 1994 له بوێنس ئایرێسی ئەرجەنتین، کە بووە هۆی کوژرانی ٨٥ کەسی سڤیل و تا ئێستاش پۆلیسی نێودەوڵەتی ئینتەرپول، لەسەر داوای حکومەتی ئەرجەنتین، فەرمانی گرتنی سووری بۆ دەرکردووە.
لە قۆناغەکانی دواتری ژیانیدا، وەحیدی بووە یەکێک لە کەسایەتییە سەرەکییەکان لە پەرەپێدانی توانا سەربازی و موشەکییەکانی ڕژێمی ئێران و پۆستی وەزیری بەرگری، لە حکومەتەکەی مەحمود ئەحمەدی نەژاد وەرگرت و بەشداری کرد لە پەرەپێدانی بەرنامە موشەکییەکان و فراوانکردنی پیشەسازییە بەرگرییەکان.
ئهمه جگە لە بەهێزکردنی هاوکارییە سەربازییەکان، لەگەڵ هاوپەیمانە هەرێمییەکانی ئێران و گروپە پەیوەندیدارەکانی وەک حکومەتی سووریا و حیزبوڵڵا لە لوبنان و حەماس لە غەززە.
لە قۆناغەکانی دواتردا، وەک ڕاوێژکاری سەربازیی ڕێبەری ئێران کاری کرد و پاشان بووە وەزیری ناوخۆ لە حکومەتەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی، ئهم پۆستە دەرفەتی پێدا ڕۆڵێکی سەرەکی لە بەڕێوەبردنی ئاسایشی ناوخۆ و مامەڵەکردن لەگەڵ خۆپیشاندانە بەرفراوانەکانی ساڵی 2022دا بگێڕێت.
ئەحمەد وەحیدی کەمێک پێش هەڵگیرسانی جەنگی ئێستا، لە تشرینی دووەمی ساڵی 2025، وەک جێگری سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەستنیشانکرا.
ئەم پێگەیە بە ڕوونی ئەوەی نیشاندا وهحیدی، یەکێکە لە کاندیدە دیارەکان بۆ بەڕێوەبردنی پێکهاتەی سەربازی لە کاتی تەنگانەکاندا. دواتر لەگەڵ کوژرانی ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکان، ئەم ڕۆڵە بە تەواوی گوازرایەوە بۆ ئەو، چونکە دەوترێت ئێستا بە کردەیی بەشێکی زۆری بڕیارە سەربازی و ئەمنییەکان ئاراستە دەکات.
هاوتەریب لەگەڵ ئەوەدا، نادیاریی دۆخی موجتەبا خامنەیی، دیمەنەکەی ئاڵۆزتر کردووە. چونکە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن لە هێرشەکەی 28ی شوباتی ڕابردوو، بۆ سەر ماڵی ڕابەر و فەرماندەیی، موجتهبا بە سەختی بریندار بووە و هەندێک گێڕانەوەش دەڵێن لە دۆخی بێهۆشیدایە.
لە ناوەڕاستی ئەم گۆڕانکارییانە و کوژرانی دەیان کەسایەتی کاریگەری تر لە جەنگی ئێستادا، لەوانەش عەلی لاریجانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و ئیسماعیل خەتیب وەزیری هەواڵگری و عەلی شەمخانی سکرتێری پێشووی ئەنجومەنی بەرگری، بۆشاییەکی گەورە لە لووتکەی دەسەڵاتدا دروست بووه.
ههمو ئهوه پێگەی ئەحمەد وەحیدی بە شێوەیەکی بەرچاو بەهێزتر کرد و هەندێک لە شیکەرەوانی نزیک لە دەزگا ئەمنییەکان، پێیان وایە هەژموونی ئەو لە مانگی ڕابردوودا، لەوانەیە تەنانەت لە هەژموونی محەمەد باقر قالیبافیش زیاتر بووبێت.
بەڵام هەر ئەم پێگەیە، وای لێکردووە لهم جهنگهی ئێستادا، ببێتە یەکێک لە ئامانجە دیارەكان، بە تایبەتی لە سایەی قسەکردن لەسەر هێرشی ئەگەری ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانەکان و ئهو فهرماندانهی له رژێمی ئێراندا ماونهتهوه.
ههوهرها هێرشهكانی ئهم دواییانهی ئیسرائیل کە فەرماندە سەربازییە باڵاکانی وەک عەلی ڕەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسدارانی کردە ئامانج، نیشانی دەدات ئاستە باڵاکانی فەرماندەیی سوپا، هێشتا لە ناو بازنەی بە ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆدان.
لە سایهی ئەم بارودۆخانەدا، وا دەردەکەوێت بەردەوامبوونی دوورکەوتنەوەی ئەحمەد وەحیدی لەبەر چاوان، تەنها بژاردە نەبێت، بەڵکو بووەتە پێویستییەک بۆ مانەوە لە ژیاندا. چونکە ئهو فەرماندەیەکە ئەمڕۆ لە لووتکەی پێکهاتە سیاسی و سەربازییە، هەستیارەکانی ڕژێمدایە.
ههر بۆیه ناچارە ئۆپەراسیۆنەکان لە پشتی پەردەوە بەڕێوە ببات و پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا گۆڕانی هاوکێشەکان و سەپاندنی ئاگربەست، دەبێتە هۆی دەرکەوتنی له كایهتی گشتی و گرتنە دەستی کاروبارەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ؟
PM:01:49:09/04/2026
ئهم بابهته 616
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت