عەلی یوسف حەرشی سکرتێری تایبەتی ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا کوژرا
وێستگەنیوز-
ئهمڕۆ پێنجشهممه 9ی نیسانی 2026، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، "دوێنێ چوارشهممه، سکرتێری تایبەتی نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای، لە هێرشێکدا بۆ سەر بەیرووت، کوشتووە کە لە چوارچێوەی زنجیرە هێرشێکی بەرفراواندا بوو بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی لوبنان و بووە هۆی کوژران و برینداربوونی سەدان کەس".
سوپا ئیسرائیل لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس ئاماژەی بەوە کردووە، رۆژی چوارشەممە لە بەیرووت، هێرشی کردووەتە سەر عەلی یوسف حەرشی كه سکرتێری تایبەتی ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵایە و برازای نەعیم قاسمە و لەناوی بردووە.
هەروەها دەڵێت، "حەرشی یاریدەدەرێکی نزیک و ڕاوێژکاری تایبەتی نەعیم قاسمی ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا بووە و ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە، لە بەڕێوەبردنی نووسینگەکەی و دابینکردنی ئاسایشەکەیدا".
ئەم هێرشە لە چوارچێوەی پەرەسەندنی ململانێیەکی درێژخایەنی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵادایە کە وەک باڵی سەربازی و سیاسیی ئێران، لە لوبنان ئەژمار دەکرێت.
حزبوڵڵا لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو و لە کاتی جەنگی ناوخۆی لوبناندا، دامەزراوە و له ئێستادا گۆڕاوە بۆ هێزێکی سەربازی و سیاسیی کاریگەر و بە شێوەیەکی کارا بەشداری لە ململانێ هەرێمییەکاندا دەکات، لەوانەش پشتگیریکردنی ڕژێمی سوریا لە جەنگی ناوخۆدا.
کوشتنی کەسایەتییە دیارەکانی حزبوڵڵا وەک عەلی یوسف حەرشی، بەشێکە لە ستراتیژیی ئیسرائیل، بۆ لاوازکردنی تواناکانی سەربازی و کارگێڕیی ئەو حیزبە، لە کاتێکدا لوبنان بەدەست قەیرانێکی سیاسی و ئابووری قووڵەوە دەناڵێنێت کە بووەتە هۆی ناسەقامگیریی دۆخی ئەمنی.
ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئیسرائیل تەکنیکی پێشکەوتووی دەستنیشانکردنی ئامانجەکان بەکاردەهێنێت، بۆ پێکانی وردی بەرپرسە سەربازییەکانی حیزبوڵڵا، تاوەکو زیانەکانی سەر خەڵکی سڤیل کەم بکاتەوە، ئهمه سەرەڕای ئەوەی ڕاپۆرتەکان بههۆی هێرشه ئاسمانییهكانهوه، باس لە کوژران و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییانی سڤیل دەکەن.
PM:12:34:09/04/2026
ئهم بابهته 248
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت