جی دی ڤانس ئێران بە درۆزن تۆمەتبار دەکات و ئاگربەستەکە لە لێواری تەقینەوەدایە!


وێستگەنیوز-

ئه‌مڕۆ چوارشەممە 8ی نیسانی 2026، ڕۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی، بڵاویکردەوە جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، دانی بە سەختیی ڕێڕەوی دیپلۆماسیی داهاتوودا ناوە و هێوربوونەوەی ئێستای لەگەڵ تاران بە "ئاگربەستێکی فشۆڵ" وەسف کردووە.

ڤانس لە میانی سەردانەکەیدا بۆ بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا، ڕەخنەی توندی ئاراستەی گوتاری سەرکردایەتیی ئێران کرد و تۆمەتباری کردن بەوەی سەبارەت بەو زیانە سەربازییانەی بەر تاران کەوتوون و هەروەها سەبارەت بە سروشتی ئەو لێکتێگەیشتنانەی بوونە هۆی ئاگربه‌ست "درۆ دەکەن".

بەگوێرەی ئەوەی "گاردیان" گواستوویەتییەوە، ڤانس جەختی لە بوونی لێکترازان، لە ناوەندەکانی بڕیاردانی ئێراندا کردووەتەوە؛ لە کاتێکدا لایەنێک دەیەوێت وتووێژی جیدی بکات، لایەنێکی دیکە هەوڵ دەدات ئاستەنگ بۆ ئاگربەستەکە دروست بکات و ڕای گشتی چەواشە بکات. ڤانس دووپاتی کردەوە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ ڕێنمایی تیمی دانوستانکاری کردووە، لەوانەش وەزیری دەرەوە و نێردەی تایبەت ستیڤ ویتکۆف، تاوەکو بە "نیازپاکی" کار بکەن بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی هەمیشەیی.

بەڵام بە هەڕەشەیەکی ڕاشکاوەوە وتی: "ئەگەر درۆ بکەن یان فێڵ بکەن یان هەوڵی پەکخستنی ئەم ئاگربەستە بدەن.. ئەوا دەرەنجامەکەیان بەدڵ نابێت"، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە فراوانەکان.

لێدوانەکانی ڤانس لە کاتێکی هەستیاردا دێن، کە تێیدا واشنتۆن هەوڵدەدات "ڕێکەوتنی ئیسلام ئاباد"ی چاوەڕوانکراو جێگیر بکات. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ تاران هەوڵدەدات ئەو توڕەییە ناوخۆییە هەڵمژێت کە بەهۆی وێرانبوونی بەشێک لە ژێرخانە نەوتییەکانی، لە دوورگەی خارگ و عەسەلوویە دروست بووە.

قسەکانی جێگری سەرۆکی ئەمریکا وەک "زەنگی ئاگادارکردنەوە" بۆ تاران دەردەکەون کە ئاگربەستی دوو هەفتەیی، وەک چەکێکی واژۆکراوی سپی نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی مەیدانی و سیاسییە بۆ ئاستی توانای ڕژێمی ئێران، لە جێبەجێکردنی پابەندییەکانی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بەبێ فێڵ و تەڵەکەبازی.


PM:06:38:08/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو