ئەمریکا و ئێران، دوای ڕێککەوتن لەسەر ئاگربهست ههردووكیان سەرکەوتن ڕادەگەیەنن
وێستگەنیوز-
ئهمڕۆ چوارشهممه، 8ی نیسانی 2026، هەر یەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران، دوای ڕێککەوتنیان لەسەر ئاگربهست بۆ ماوەی دوو هەفتە و سهرلهنوێ كردنهوهی گهرووی هورمز، سەرکەوتنیان ڕاگەیاند و ئیسرائیل لهم بارهیهوه دهڵێت پشتگیری له ئاگربهستهكه دهكات و له ههمانكاتدا جهخت لهوه دهكاتهوه ئهم ئاگربهسته لوبنان ناگرێتهوه.
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ، ماوەیەکی کورت دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستەکە، بە تەلەفۆن بە ئاژانسی "فرانس پرێس"ی ڕاگەیاند، "ئەمە سەرکەوتنێکی تەواو و هەمەلایەنەی سهدا سهده و هیچ گومانێك لهوهدا نییه".
هەروەها جەختی کردەوە کێشەی یۆرانیۆمی ئێران "بە باشترین شێوە" چارەسەر دەبێت، بەڵام ڕەتی کردەوە لێدوان بدات لەسەر ئەوەی لە ئەگەری شکستهێنانی ڕێکەوتنەکە، ئایا هەڕەشەکانی پێشووی بۆ لەناوبردنی وێستگەکانی وزە و پردەکانی ئێران، دووبارە دەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد ڕەنگە چین، بە مەبەستی گەیشتن بە ئاگربهست، فشاری خستبێتە سەر ئێران بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان.
لای خۆیەوە تاران ڕایگەیاند "سەرکەوتنێکی مەزن"ی بەدەستهێناوە و ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ڕایگەیاند: "دوژمن تووشی شکستێکی مێژوویی تێکشکێنەر بووە کە ناتوانرێت نکوڵی لێ بکرێت".
دەسەڵاتدارانی ئێران، ئهمڕۆ چوارشەممە، ئاماژەیان بەوە کرد وتووێژەکان لەگەڵ واشنتۆن، ڕۆژی هەینی لە پاکستان دەستپێدەکات و پاكستان نێوەندگیری سەرەکییە لەو جەنگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە 28ی شوباتدا، هەڵگیرساوه و بووەته هۆی کوژرانی هەزاران کەس. بەڵام لهگهڵ ئهوهشدا، هێشتا هەڵوێستی لایەنە شەڕکەرەکان لە یەکترەوە دوورن.
چەند کاتژمێرێک پێشتر، سەرۆکی ئەمریکا لە سەکۆی "تروس سۆشیاڵ" نووسیبووی: "بەو مەرجەی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە کردنەوەی تەواو و دەستبەجێ و سەلامەتی گەرووی هورمز ڕازی بێت، منیش ڕەزامەندم لەسەر ڕاگرتنی بۆردومان و هێرشەکان دژی ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە".
ههروهها دهڵێت، "ئێمە لە لێواری گەیشتنین بە ڕێکەوتنێکی کۆتایی سەبارەت بە ئاشتییەکی درێژخایەن، لەگەڵ ئێران و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
ئاماژەی بەوەش کرد تاران "پێشنیازێکی پێشکەش کردووە کە لە 10 خاڵ پێکهاتووە و پێمان وایە بنەمایەکی کردەیییە بۆ دانوستان".
دواتر کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کرد تاوتوێی ئەنجامدانی وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێرانییەکان دەکات.
ئەم ڕاگەیاندنی ئاگربەستە، کاتژمێرێک پێش کۆتایی هاتنی دوایین هۆشداری، لە زنجیرە هۆشدارییەکانی دۆناڵد ترەمپ، بۆ ئێران هات، کە تێیدا سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی لەناوبردنی "تهواوی شارستانیەتێکی" کردبوو، ئەگەر تاران تاوەکو نیوەشەوی سێ شەممە لەسەر چوارشەممە بە کاتی گرینیتچ، ئەو ڕێڕەوە دەریاییە ستراتیژییە نەکاتەوە.
گەرووی هورمز لەژێر چاودێریدا
سەرکردەکانی ئێران لای خۆیانەوە، ڕەزامەندییان نیشاندا لەسەر دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز "بۆ ماوەی دوو هەفتە" ئەگەر "هێرشەکان بۆ سەر ئێران بوەستن"، وەک ئەوەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەکۆی "ئێکس" نووسیویەتی.
تاران ئاماژەی بەوە کرد لە ماوەی ئاگربهستهكهدا، هێزە چەکدارەکانی ئێران، چاودێری تێپەڕبوونی ڕۆژانەی سنوورداری کەشتییەکان دەکەن بە گەرووی هورمزدا.
بەپێی دەقە فارسییەکەی ڕێکەوتنەکە کە میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، ئەو پلانەی تاران پێشنیازی کردووە، بڕگەیهكی تێدایە بهوهی واشنتۆن پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم قبوڵ بکات؛ بەڵام ئەم وردەکارییانە، لە دهقه ئینگلیزییەکەدا کە پێشکەشی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە، نین.
ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە، لە ئیسلام ئاباد دانوستان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی دەکات و ڕوونی کردەوە ئەمە بە واتای "کۆتایی جەنگ" نایەت و ئەم ماوەیە "بە ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا" دەکرێت درێژ بکرێتەوە.
بازاڕەکانی جیهان، ههواڵی ئاگربهستیان بە جۆش و خرۆشەوە وەرگرت، چونکە نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ڕۆژئاوا و برێنت زیاتر لە 15% دابەزی و گەیشتە خوار 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لە کاتێکدا پشکەکانی بۆرسەی تۆکیۆ (+4%) و سیئۆل (+6%) بە شێوەیەکی بەرچاو لەگەڵ دەستپێکی بازرگانیدا بەرزبوونەوە.
PM:02:06:08/04/2026
ئهم بابهته 60
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت