کۆشکی سپی: ترەمپ رەزامەندیی لەسەر ئاگربەستی 45 رۆژە دەرنەبڕیوە
وێستگەنیوز-
کۆشکی سپی ئاشکرایدەکات
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان تا ئێستا رەزامەندی لەسەر پێشنیازی ئاگربەستی
پاکستان نیشان نەداوە و ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" دژی ئێران بەردەوام
دەبێت.
بەرپرسێکی باڵا لە کۆشکی
سپی ئەمڕۆ دووشەممە 6ـی نیسانی 2026، بە کەناڵی سکای نیووز عەرەبی راگەیاند؛ دۆناڵد
ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تاوەکوو ئێستا رەزامەندی لەسەر پێشنیازەکەی
پاکستان بۆ ئاگربەست لەگەڵ ئێران دەرنەبڕیوە.
ئەم لێدوانە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە سەرەڕای
فشارە دیپلۆماسییەکان، واشنتن هێشتا بژاردەی سەربازی بە زاڵتر دەبینێت.
هاوکات بەپێی راپۆرتێکی
ئاژانسی ڕۆیتەرز، حکوومەتی پاکستان نەخشەڕێگەیەکی گشتگیری بە ناوی رێککەوتنی ئیسلام
ئاباد بۆ ئێران و ئەمریکا ناردووە. پلانەکە لەسەر بنەمای دوو قۆناغ داڕێژراوە: قۆناغی
یەکەم، راگەیاندنی ئاگربەستێکی دەستبەجێ و کردنەوەی گەرووی هورمزە. قۆناغی دووەمیش،
ئەنجامدانی دانوستانی راستەوخۆیە لە ئیسلام ئاباد بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی
لە ماوەی 15 بۆ 20 رۆژدا.
سەرچاوە ئاگادارەکان
ئاشکرایان کردووە کە عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان، تەواوی شەوی رابردوو لە
پەیوەندییەکی بەردەوامدا بووە لەگەڵ جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ستیڤ ویتکۆف،
نێردەی تایبەتی کۆشکی سپی و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، تاوەکوو بتوانن
پێش تەواوبوونی دوا مۆڵەتەکەی ترەمپ بگەنە ئەنجام.
سەرەڕای ئەم هەوڵانە،
تاران هەڵوێستێکی توندی نیشانداوە. بەرپرسێکی باڵای ئێرانی بە رۆیتەرزی ڕاگەیاندووە،
وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک گەرووی هورمز لە بەرانبەر ئاگربەستێکی کاتیدا ناکاتەوە. ئێران
دەشڵێت واشنتۆن تەنیا دەیەوێت کات بکوژێت و ئامادە نییە بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی و
گشتگیر. هەروەها تاران جەختی کردووەتەوە کە ژێر فشار و مۆڵەتی دیاریکراو بڕیار
نادات.
PM:05:01:06/04/2026
ئهم بابهته 220
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت