ئەکسیۆس: ئەمریکا و ئێران گفتوگۆ لەسەر ئاگربەستێکی 45 رۆژە دەکەن


وێستگەنیوز-

ئەمریکا و ئێران لەگەڵ گرووپێک لە نێوەندگیرە ناوچەییەکان خەریکی تاوتوێکردنی مەرجەکانی ئاگربەستێکی 45 رۆژین.


ئەمڕۆ دووشەممە 6ی نیسانی 2026، ماڵپەڕی (ئەکسیۆس)ی ئەمریکی لە زاری چوار سەرچاوەی ئاگاداری ئەمریکی، ئیسرائیلی و ناوچەیی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن چڕکراونەتەوە، هەرچەندە دەرفەتە 48 کاتژمێرییەکە کەم دەبینرێت، بەڵام ئەمە وەک دوایین هەوڵ سەیر دەکرێت بۆ رێگری لە هێرشی وێرانکەر بۆ سەر ژێرخانە مەدەنییەکانی ئێران و وەڵامدانەوەی تاران بۆ سەر دامەزراوەکانی وزەی وڵاتانی کەنداو.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە پێشتر مۆڵەتێکی 10 رۆژیی دابووە ئێران، دوێنێ یەکشەممە مۆڵەتەکەی بۆ 20 کاتژمێری دیکە درێژکردەوە و لە "تڕوس سۆشیاڵ" رایگەیاند، "وادەی نوێ تاوەکو کاژێر 08:00ی ئێوارەی رۆژی سێشەممە دەبێت".

ترەمپ بە ئەکسیۆسی رایگەیاندووە، "دانوستاندن لە ئارادایە و دەرفەتێکی باش هەیە، بەڵام ئەگەر رێککەوتن نەکەن، هەموو شتێک لەوێ دەتەقێنمەوە".

دانوستاندنەکان لە رێگەی نێوەندگیرانی پاکستان، میسر و تورکیاوە بەڕێوەدەچن، بەپێی زانیارییەکان، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە رێگەی نامەوە پەیامیان ئاڵوگۆڕ کردووە، رێککەوتنە پێشنیازکراوەکە لە دوو قۆناغ پێکدێت:

قۆناغی یەکەم: راگەیاندنی ئاگربەستێکی 45 رۆژی بۆ دانوستاندن لەسەر کۆتاییهێنانی هەمیشەیی جەنگ.

قۆناغی دووەم: واژۆکردنی رێککەوتنی کۆتایی بۆ وەستاندنی جەنگ.

نێوەندگیرەکان پێیانوایە کێشەی "تەنگەی هورمز" و "کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران" تەنیا بە رێککەوتن چارەسەر دەبن، ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکرێت لە قۆنا‌غی یەکەمدا ئێران هەندێک هەنگاوی سەرەتایی لەم دوو پرسەدا بنێت بۆ دروستکردنی متمانە.

بەرپرسانی ئێران نیگەرانن لەوەی ئاگربەستەکە تەنیا سەر کاخەز بێت و وەک دۆخی غەززە و لوبنانیان بەسەر بێت، نێوەندگیرەکان هۆشدارییان داوەتە تاران کە "کات بۆ تەکتیکی دانوستاندن نەماوە" و ئەم 48 کاتژمێرە تەنیا دەرفەتە بۆ رێگری لە وێرانکاری.


AM:09:25:06/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت