ئیسرائیل چەندین هێرشی نوێی بۆ سەر ئێران ئەنجام دا
وێستگەنیوز-
شەوی رابردوو و
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 4ی نیسانی 2026دەنگی چەندین تەقینەوەی گەورە و بەهێز لە
تارانی پایتەختی ئێران بیسترا، هاوکات چەندین ناوچەی ئیسفەهان بۆردومان کران.
ئاژانسی
"فارس" و میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، سیستەمی بەرگریی
ئاسمانی وڵاتەکە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان چالاک کراوە. هێرشەکان چەند ناوچەیەکی
ستراتیژی و نیشتەجێبوونیان گرتووەتەوە، لەوانە: (کلكتچال، نیاوەران، فەرمانیە،
ئیختیاریە، پاسداران، وەلەنجەک، زەعفەرانیە، جەنەت ئاباد، مەرزداران، پونەک، سەعادەت ئاباد، نارمەک).
هاوکات بەرەبەیانی ئەمڕۆ زنجیرەیەک تەقینەوەی یەک لە دوای یەک
لە چەندین ناوچەی جیاوازی شاری ئەسفەهانی ئێران بیستران، کە بووە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ
لای دانیشتووانی شارەکە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە،
دەنگی تەقینەوەکان زیاتر لە ناوچەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی ئیسفەهان بووە. هاووڵاتیان
باس لەوە دەکەن کە لە نێوان 5 بۆ 10 تەقینەوەی بەهێزیان بیستووە، بە جۆرێک لە هەندێک
گەڕەک وەک "بەهارستان" و "سۆفە" خانووەکان بەهۆی دەنگی بەهێزی
تەقینەوەکان لەریونەتەوە.
لە شاری ئیسفەهان دەنگی تەقینەوەکان لە نزیک بنکەی ئاسمانیی
"هەوانیرۆز"، فڕۆکەخانەی سەربازیی "بەدر" و سەربازگەی
"15ی خرداد" بیستراون. هاوکات، هەندێک لە دانیشتووانی
ناوچەی "سپاهانشار" و "جۆلفا" دەڵێن رووناکی تەقینەوە لە لای
چیاکانی باشووری شارەکە و سەربازگەکان بینراوە.
جەنگی هاوبەشی ئەمریکا
و ئیسرائیل دژ بە ئێران، لە 28ـی شوباتەوە دەستی پێکردووە، پێی ناوەتە هەفتەی شەشەمی
خۆی. توندبوونەوەی شەڕەکە تەنیا ئێرانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو وڵاتانی کەنداو و
لوبنانیشی تێوەگلاوە. لە نوێترین پێشهاتیشدا، دوێنێ هەینی راگەیەندرا؛ فڕۆکەیەکی جەنگی
ئەمریکی لە جۆری F-15E لە ئاسمانی ئێران خراوەتە خوارەوە، ئەمەش وەک
وەرچەرخانێکی نوێ لە رووبەڕووبوونەوە راستەوخۆکاندا دەبینرێت.
AM:08:47:04/04/2026
ئهم بابهته 76
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت