چەند سەرکردەیەکی باڵا لە سوپای ئەمریکا لابران
وێستگەنیوز-
ئهمڕۆ ههینی 3ی نیسانی 2026، میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە سەرکردایەتیی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، پنتاگۆن، دوو ژهنهڕاڵی پلە بەرزی له پۆستەکانیان لاداوه. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک گۆڕانکاریی ناو دامەزراوە سەربازییەکاندایە.
بەپێی ئەوەی ڕۆژنامەی واشنتن پۆست، لە سەرچاوە ئاگادارەکانەوە گواستوویەتییەوە، بڕیارەکە ژەنراڵ دەیڤد هودنی، بەڕێوەبەری فەرماندەیی مەشق و گۆڕانکاری لە سوپا و لیوا ویلیام گرین گەورە قەشەی هێزە وشکانییەکانی گرتووەتەوە.
ڕۆژنامەکە ڕوونی کردووەتەوە و دهڵێت: "ئەم لادانانە، تەنها لادانێكی ئاسایی نین، بەڵکو لە چوارچێوەی پلانێکی فراوانتردان کە بەرپرسانی پنتاگۆن، بۆ دووبارە داڕشتنەوەی پێکهاتەی سیستمی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان، ئامادەیان کردووە و کەمکردنەوەی ئاستی هەندێک فەرماندەیی ناوچەیی و کەمکردنەوەی ژمارەی ئەفسەرانی خاوەن پلەی ژەنراڵ لەخۆ دەگرێت".
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە "وەرچەرخانە سیاسییەکانی ئەم دواییەی ناو ئیدارەی ئەمریکا، بەتایبەت دوای پاشەکشەی پاڵپشتیی جەماوەری بۆ ڕێکارەکانی سەرۆک دۆناڵد تڕەمپ، لە پاش سەرهەڵدانی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بوونە هۆی گۆڕانی مامەڵەی ئەو بەرامبەر بە سەرکردە سەربازییەکان، سەرەڕای دوودڵییەکانی پێشتری لە لادانی کەسایەتییە نزیکەکان لێیەوە".
ئەم پەرەسەندنانەش تەنها ڕۆژێک دوای ئەوە هات كه وتەبێژی وەزارەتی بەرگری، شۆن بارنێڵ، خانەنشینبوونی دەستبەجێی سوپاسالاری ئەمریکا ژەنهراڵ راندی جۆرجی ڕاگەیاند و وەک 41ەمین سوپاسالاری سوپا کۆتایی بە ئەرکەکانی هێنرا.
AM:11:04:03/04/2026
ئهم بابهته 136
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت