مهترسیدارترین پیلانی سهربازی، ئهگهری ئۆپەراسیۆنێکی ئەمریکی لە ناوخۆی ئێران بۆ دروستکردنی بنکەیەکی ئاسمانی لە دڵی ئەسفەهان
وێستگەنیوز-
ئهمڕۆ پێنجشهممه 2ی نیسانی 2026، ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی، پەردەی لەسەر وردەکاریی پیلانێک لاداوه کە هێزە تایبەتەکانی کۆماندۆی ئەمریکا، پێشکەشی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایان کردووە، ئەمەش لەسەر داوایەکی پێشووی خۆی، بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی لە ناوخۆی ئێراندا کە لە مێژوودا وێنەی نەبووە.
ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت، "دوای داوایەکی ڕاستەوخۆی ترهمپ، ئەو پلانە ئەمریکییەی لەلایەن هێزە تایبەتەکانەوە، لە هەفتەی ڕابردوو پێشکەش کراوە، جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی لەخۆ دەگرێت کە لە مێژوودا هاوشێوەی نەبووە و له جیهانیشدا شتی لهو جۆره رووینهداوه و بریتییه له دروستکردنی بنکەیەکی سەربازییە لە ناوخۆی ئێراندا".
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە بەگوێرەی پلانەکە، هێزە تایبەتەکان ئۆپەراسیۆنی دابەزینی ئاسمانی، بۆ سەر ئەو پێگە ئەتۆمییەی ئێران ئەنجام دەدەن کە یۆرانیۆمی پیتێنراوی تێدا دەپارێزرێت، پاشان دەوروبەرەکەی لە ڕووی سەربازییەوە توندوتۆڵ دەکەن، دوای ئەوەش پڕۆسەی دابەزاندنی ئامێرە قورسەکانی هەڵکەندن دەست پێدەکات کە ئەرکیان هەڵکەندنی ئەو پێگە ئەتۆمییە وێرانکراوە دەبێت، بۆ گەیشتن بە یۆرانیۆمەکە.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، پاش ئەوەی هێزە تایبەتەکان، ناوچەیەکی سەربازیی بۆ پاراستنی ئامێرە قورسەکان دابین دهكهن، دەست دەکەن بە دروستکردنی شوێنێكی گەورە بۆ نیشتنهوهی فڕۆکە لە ناوخۆی ئێراندا، ئەمەش ڕێگ خۆش دەکات بۆ نیشتنەوەی فڕۆکە بارهەڵگرە سەربازییە زەبەلاحەکان، تاوەکو یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەیان تێدا باربکرێت دوای دەرهێنانی لە ژێر زەوی، پاشان هێزە شەڕکەرەکان ناوچەکە چۆڵ دەکەن.
ڕۆژنامەکە ئاشکرای کردووە ئەم پلانە نوێیەی ئەمریکا کە پێدەچێت ترەمپ ڕەزامەندی لەسەر بدات، لە چوارچێوەی ئەو ئامۆژگارییانەدایە کە لەلایەن هەندێک لە ئەندامانی تیمەکەیەوە، ئهوانهیان له ئیسرائیلهوه نزیكن، ئاراستەی کراوه؛ ئەوان ترەمپیان قایل کردووە بەوەی "نمایشێکی هێز" بۆ گەلی ئەمریکا ئەنجام بدات، پێش هەڵبژاردنە خولییەکان، ئەویش لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییەوە کە پێشتر لە مێژوودا جێبەجێ نەکراوە.
واشنتن پۆست لە ڕاپۆرتەکەیدا ئەوەی بە دوور نەزانیوە کە ئۆپەراسیۆنەکە لە كوره ئهتۆمییهكانی ئەسفەهان ئەنجام بدرێت، چونکە چاوەڕوان دەکرێت کۆگای یۆرانیۆمی ئێران، لە ژێر ئەو دامەزراوەیەدا مابێتەوە کە پێشتر لەلایەن هێزە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکانەوە، بۆردومان کراوە.
بەپێی بڵاوکراوەی ڕۆژنامەکە، ئەم ئۆپەراسیۆنە قوربانیی ئەمریکی لێ دەکەوێتەوە، بەهۆی پێکدادانی ڕاستەوخۆی زەمینی لەگەڵ هێزەکانی ئێران و ئێران دەڵێت بە توندی هێرش دەکەنە سەر ئەو بنکە سەربازییەی لەسەر خاکەکەیان دروست دەکرێت.
جگه لهوه رۆژنامهی ناوبراو، ئۆپەراسیۆنەکەی بە "زۆر سەخت" وەسف کردووە و جەختی لهوه کردووەتەوە ترهمپ هێشتا بڕیاری کۆتایی بۆ جێبەجێکردنی بە تەواوی نەدراوە.
AM:10:40:02/04/2026
ئهم بابهته 660
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت