ترەمپ: شەڕ بەردەوام دەبێت


وێستگەنیوز-

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەمیانەی وتارێکدا رایگەیاند، "شەڕ بەردەوام دەبێت".


ئاماژەی بەوەکرد، "ئەگەر نەگەینە رێککەوتن لەگەڵ ئێران، لە دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوو زۆر بە تووندی لە ئێران دەدەین و دەیانگەڕێنینەوە بۆ سەردەمی بەرد".

ترەمپ وتی، "بۆیە هێرشمان کردە سەر ئێران خەریکبوو مووشەک دروست بکەن بگاتە ئەمریکا و دەستیان بە چەکی ئەتۆمی بگات".

وتیشی، "ئەمریکا پێویستی بە نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەماوە و با وڵاتان خۆیان گەرووی هورمز بپارێزن، هەروەها هەرکات جەنگ کۆتایی هات ئەوکاتە دەتوانن کڕین و فرۆشی نەوت بە ئیسراحەت بکەن".

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا، "ئێمە لە ژێرخانی نەوت ئێرانمان نەداوە کە دەمانتوانی بیکەین، بەڵام تا هەموو ئامانجەکانمان بە دەست نەهێنین جەنگ ناوەستێت".

راشیگەیاند، "ئێمە بەهێزترین وڵاتی جیهانین و چیتر ئێران نابێتە زلهێزی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

راشیگەیاند، "هەرچەندە بەدوای گۆڕینی دەسەڵات نین، بەڵام گۆڕینی دەسەڵات بە کردەیی روویداوە، چونکە سەرکردە کۆنەکان هەموویان کوژراون، ئێستا ئێمە لەگەڵ گرووپێکی نوێ مامەڵە دەکەین کە کەمتر توندڕەون و زۆر عەقڵانیترن".




AM:09:40:02/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 92 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت