له‌سێداره‌دان و دەستگرتن به‌سه‌ر سەروەت و سامان سزای ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ هاوکاری "دوژمنانی ئێران" ده‌كه‌ن


وێستگەنیوز-

وتەبێژێک بەناوی دەسەڵاتی دادوەری ئێران ڕایگەیاند ئەو کەسانەی، بە سیخوڕی یان هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتە دوژمنەکان، تۆمەتبار دەکرێن، ئەوا ڕەنگە ڕووبەڕووی سزای له‌سێدارەدان و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر تەواوی سەروەت و سامانەکانیان ببنەوە، ئه‌مه‌ به‌ گوێره‌ی یاسایه‌كه‌ کە لەم دواییانەدا توندتر کراوە.


وتەبێژەکە ئاماژەی بەوە کرد تەنها بەشداریکردنی، وێنە یان گرتە ڤیدیۆییەکان، کە یارمەتی دوژمن بدات لە دەستنیشانکردنی ئامانجەکانیدا، دەکرێت وەک هاوکاری هەواڵگری هەژمار بکرێت.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، لە دوای هەڵگیرسانی شەڕەكه‌وە، نزیکەی مانگێک لەمەوبەر تا ئێستا، زیاتر لە 1000 کەس دەستگیرکراون و تۆمەتبارن بە وێنەگرتنی شوێنە هەستیارەکان، یان بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی دژە حکومەت، لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە، یان هاوکاریکردن لەگەڵ دوژمن.

ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل، لە 28ی شوباتی ڕابردووەوە، هێرشیان بۆ سەر ئێران دەستپێکردووه‌، لەو کاتەوە مەودای ململانێکان لە سەرتاسەری ناوچەکەدا، فراوان بووە و بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و پەکخستنی دابینکردنی وزە و زیانگەیاندن بە ئابووری جیهان.

وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری، باس له‌وه‌ ده‌كات ئەو یاسایەی ساڵی ڕابردوو پەسەندکراوە، بەسەر چالاکییە مەیدانی و هەواڵگرییەکان و هەندێک چالاکی میدیاییدا، جێبەجێ دەکرێت، له‌وانه‌ ئه‌و چالاكییه‌ میدیاییانه‌ی وا سه‌یر ده‌كرێن كه‌ پاڵپشتی حکومەتە دوژمنەکان ده‌كه‌ن، بەتایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل.

هه‌روه‌ها هۆشداریشیدا بەو کەسانەی لە ڕێگەی زانیاری چەواشەکارییەوە، ترس و دڵەڕاوکێ بڵاودەکەنەوە، ڕەنگە ڕووبەڕووی سزای زیندانی ببنەوە.
و‌ته‌بیژه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد دەسەڵاتداران، له‌م جۆره‌ كه‌یسه‌دا، نزیکەی ٢٠٠ لیستی تۆمه‌تباركردنیان ده‌ستنیشان كردووه‌ و لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان، کاردەکەن بۆ دەستنیشانکردن و دەستبەسەرداگرتنی ئەو سەروەت و سامانانەی، پەیوەندییان بە گومانلێکراوەکانەوە هەیە و جەختیشی کردەوە هیچ نەرمییەک لە جێبەجێکردنی یاساکەدا نانوێنرێت.


PM:10:05:31/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 80 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت