فرانسوا دارلان، بڕیارێكی ئه‌م سه‌ربازه‌ ڕێڕەوی جەنگی دووه‌می جیهانی لە ئەورووپا گۆڕی


نووسینی: ته‌ها عبدلناصر رمضان
وه‌رگێڕانی: وێستگه‌نیوز

لە ١٠ی ئایاری ١٩٤٠، هێزەکانی ئەڵمانیا، هێرشیان بۆ سەر خاکی فەڕەنسا دەستپێکرد، بەوەش ئه‌ڵمانیا، سەرەتای هەڵمەتە سەربازییەکانیان، دژی ئەو وڵاتە ڕاگەیاند. لە میانی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا، ئەڵمانەکان بۆ ئەوەی لە هێڵی بەرگریی "ماجینۆ/ Maginot"ی فەڕەنسی بەدوور بن، بەنێو دارستانەکانی "ئەردین/ Ardennes"دا تێپەڕین.


لەو کاتەدا، فەڕەنسا نەیتوانی بۆ ماوەیەکی زۆر، لە بەرامبەر پێشڕەویی سوپای ئەڵمانەکان، خۆڕاگر بێت و تووشی شكستێكی سه‌ربازی گه‌وره‌ بوو، دواجار لە ٢٥ی حوزەیرانی هەمان ساڵدا، خۆیڕاده‌ست كرد و مەرجەکانی هێتلەری قبوڵ کرد.

بەپێی داواکارییەکانی هێتلەر، فەڕەنسا دابەشکرا بۆ ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی داگیرکەری ئەڵمانیا و ناوچەیەکی تری ئازاد*. لە ناوچە ئازادەکەدا، حکومەتە نوێیەکەی فەڕەنسا، شاری "ڤیشی/ Vichy" کردە مەڵبەندی خۆی. ئەم حکومەتە لە لایەن مارشاڵ "فیلیپ پێتان/ Philippe Pétain" و ئەمیرال "فرانسوا دارلان/ François Darlan"ەوە، سەرکردایەتی دەکرا و به‌رێوه‌ده‌برا. دارلان له‌و حكومه‌ته‌دا، پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران و چەندین وەزارەتی تری لە ئەستۆ گرتبوو.

بڕیارێكی ئه‌م سه‌ربازه‌ ڕێڕەوی جەنگی دووه‌می جیهانی لە ئەورووپا گۆڕیپەیوەندیکردن بە حکومەتی ڤیشی-یه‌وه‌

فرانسوا دارلان، ساڵی ١٨٨١ لەدایکبووە، ساڵی ١٩٠٢، خوێندنی لە قوتابخانەی دەریایی "لانڤیۆک/ Lanvéoc" تەواو کرد و لە هەمان کاتدا، به‌ پله‌ی ئەفسەر چووە ناو هێزی دەریایی فەڕەنساوە. دارلان به‌ هۆی ئه‌وه‌ی بەشداریی لە جەنگی جیهانی یەکەمدا كردبوو، هه‌مو پلە سەربازییەکانی بڕی بوو، تا دواجار بوو بە ئەمیراڵ لە هێزی دەریایی فەڕەنسا. ساڵی ١٩٣٧، دارلان پۆستی سەرۆکی ئەرکانی هێزی دەریایی فەڕەنسای وەرگرت.

لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی دووه‌می جیهانی و دوابه‌دوای هێرشی ئەڵمانیا بۆ سەر پۆڵەندا، دارلان پۆستی فەرماندەی هێزی دەریایی فەڕەنسای هەبوو. پاش کەوتنی فەڕەنسا و ڕازیبوونی به‌ مه‌رجه‌كانی هێتله‌ر، دارلان له‌لایه‌كه‌وه‌، هەوڵیدا هێزی دەریایی فه‌ره‌نسا و سه‌رجه‌م کەشتیگەلەکانی وڵاته‌كه‌ی بپارێزێت. لە لایەکی ترەوە، ئه‌میراڵ دارلان، پەیوەندی بە حکومەتەکەی مارشاڵ "پێتان"ەوە کرد، ئه‌م حكومه‌ته‌ لە کاتی داگیركردنی فه‌ره‌نسا له‌لایه‌ن ئه‌ڵمانه‌كانه‌وه‌، هاوکاری ئەڵمانەکانی دەکرد. دارلان لەو حکومەتەدا، چەندین پۆستی باڵای وەک وەزیری دەریایی، ناوخۆ، دەرەوە و بۆ چەند مانگێکیش وەزیری جەنگی بەڕێوە برد.

دوورخستنه‌وه‌ی لە حکومەت

ساڵی ١٩٤٢، ئەڵمانەکان لە حکومەتی ڤیشی، بێ ئومێد بوون، له‌لایه‌كه‌وه‌ به‌وه‌ تۆمه‌تباریان كرد، كه‌مته‌رخه‌مه‌ له‌ هاوکاریکردنی له‌گه‌ڵ بەرپرسانی ئەڵمانیا. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، بەرلین داوای کرد دارلان، لە حکومەت دوور بخرێتەوە و کەسێکی دی لە شوێنی دابنرێت. لە ژێر فشاری ئەڵمانەکان و لە ترسی داگیرکردنی ئەوەی لە فەڕەنسا مابووەوە، ڤیلیپ پێتان داواکەی ئه‌ڵمانیای قبوڵ کرد و دارلان-ی دوورخستەوە و "پیار لافال/ Pierre Laval "ی لە شوێنی دانا.

بڕیارێکی مێژوویی

لە نێوان ٨ بۆ ١٦ی تشرینی دووەمی ١٩٤٢، ئەمریکییەکان و بەریتانییەکان، ئۆپەراسیۆنی "مه‌شخه‌ڵ/ Torch"یان دەستپێکرد، ئه‌م دوو وڵاته‌، له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا، هێزێکی زۆریان لە کەناراوەکانی جەزائیر و مەغریب دابەزاند، له‌و كاته‌دا جه‌زائیر و مه‌غریب، دوو وڵاتی كۆلۆنیكراوی فەڕەنسی بوون.

دروست له‌و كاته‌دا، بە ڕێکەوت، فرانسوا دارلان، لە جەزائیر بوو. لە سەرەتادا، پشتگیری لەو شەڕانە کرد کە هێزە فەڕەنسییەکانی سەر بە حکومەتی ڤیشی، دژی هاوپەیمانان دەستیان پێکردبوو. بەڵام دوای گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا و بەریتانیا، دارلان کە گەورەترین فەرماندەی سەربازی فەڕەنسا بوو لە جەزائیر، لە نێوان ١٠ و ١١ی تشرینی دووەمی ١٩٤٢، بڕیارێکی مێژووییدا و فەرمانی بە هەموو هێزە فەڕەنسییەکان کرد، شەڕ دژی هاوپه‌یمانان ڕابگرن و هاوکاری هاوپەیمانان بکەن. بەمەش کۆتایی بە شەڕێک هێنا کە هاوپەیمانان، پێشبینییان دەکرد چەندین مانگ بخایەنێت و هەزاران کوژراوی لێ بکەوێتەوە.

تیرۆرکردن لە جەزائیر

ئەو بڕیارەی دارلان، ئەرکی هاوپەیمانانی ئاسان کرد، بۆ دەرکردنی ئەڵمان و ئیتاڵییەکان لە باکووری ئەفریقا و دواتر هێرشکردنە سەر باشووری ئیتاڵیا. پاشان هاوپەیمانان وەک ڕێزێک بۆ هاوکارییەکانی، دارلان-یان وەک لێپرسراوی ناوچه‌ كۆڵۆنیكراوه‌كانی فه‌ره‌نسا، لە باکووری ئەفریقا و فەرماندەی هێزە فەڕەنسییەکان لە ناوچەکە، دەستنیشان کرد. ئەم بڕیارە بووە هۆی توڕەیی زۆرێک لە سەرکردەکانی بەرگریی فەڕەنسا کە دارلان-یان بە هاوکاری پێشووی نازییەکان دەزانی.

فرانسوا دارلان، تەنها دوو هەفتە لەم پۆستەدا مایەوە. لە ٢٤ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٢، لە جەزائیر لە لایەن گەنجێکی ته‌مه‌ن٢٠ ساڵانی ئەندامی بەرگریی فەڕەنسا و نەیاری حکومەتی ڤیشی، بە ناوی "فەرنان بۆنییە دی لا شاپێل/ Fernand Bonnier de La Chapelle" تیرۆر کرا و بکوژەکەش دوای دوو ڕۆژ لە سێدارە درا.

سه‌رچاوه‌
العربییه‌ نیت، ته‌ها عبدالناصر رمضان، 30 مارس 2026

*ناوچەی ئازد: مەبەست لێی ئەو بەشە جوگرافیایەیە، لە ناوەڕاست و باشووری فەڕەنسا، دوای داگیرکاریی ساڵی ١٩٤٠، سوپای ئەڵمانیای تێدا جێگیر نەبوو و لە لایەن حکومەتی "ڤیشی"یەوە، بە سەرۆکایەتی مارشاڵ ڤیلیپ پێتان بەڕێوە دەبرا. ناونانی بە "ئازاد" تەنها ناوێکی کارگێڕی بوو، چونکە لە ڕاستیدا حکومەتی پێتان، پاشکۆیەکی تەواوی ئەڵمانیای نازی بوو.

دوای ئەوەی هاوپەیمانان لە تشرینی دووەمی ١٩٤٢دا، ئۆپەراسیۆنی "مه‌شغه‌ڵ"یان لە باکووری ئەفریقا دەستپێکرد، هێتلەر گومانی لە دڵسۆزیی حکومەتی ڤیشی لا دروستبوو، لە ترسی ئەوەی نه‌بادا، هاوپەیمانان ئەو ناوچەیە بۆ هێرشکردنە سەر ئەڵمانیا بەکاربهێنن، فەرمانیدا بە داگیرکردنی تەواوەتی ئەو بەشەی فەڕەنساش (لە پرۆسەیەکدا کە بە ئۆپەراسیۆنی ئەنتۆن ناسراوە)؛ بەوەش لە ١١ی تشرینی دووەمی ١٩٤٢دا، "ناوچەی ئازاد"یش هاوشێوەی ناوچەکانی تری فەڕەنسا، کەوتە ژێر دەسەڵاتی سەربازیی ڕاستەوخۆی نازییەکان و سەروەرییە شکڵییەکەی حکومەتی ڤیشی کۆتایی هات (و.ك).

*وێستگەنیوز ئەم بابەتەی وەک خۆی وەرگێڕاوە.


PM:10:00:31/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت