رۆیتەرز: هەزاران سەربازی فیرقەی 82ی سوپای ئەمریکا گەیشتنە ناوچەکە
وێستگەنیوز-
بە پێی راپۆرتێکی
رۆیتەرز هەزاران سەربازی فیرقەی 82ی سوپای ئەمریکا گەیشتنە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
و ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی بۆ ناو خاکی ئێران لەئارادایە.
ئەمڕۆ دووشەممە 30ی
ئاداری 2026، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، کە
هێزە بژاردەکانی فیرقەی 82ی ئاسمانیی سوپای ئەمریکا دەستیان بە گەیشتن کردووە بۆ
ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم هێزانە کە لە بنکەی فۆرت بڕاگ لە
ویلایەتی کارۆلاینای باکوورەوە بەڕێکەوتوون، پەیوەندی بە هەزاران سەربازی دیکەی هێزی
تایبەت و مارێنز دەکەن کە لە چەند رۆژی ڕابردوودا گەیشتوونەتە ناوچەکە.
بەپێی زانیارییەکانی رۆیتەرز،
ترەمپ چەندین بژاردەی مەترسیداری لەبەردەستدایە، کە گرنگترینیان بریتین لە: دەستبەسەرداگرتنی
دوورگەی خارک ئەم دوورگەیە ناوەندی سەرەکیی هەناردەکردنی 90%ـی نەوتی ئێرانە و کۆنترۆڵکردنی
لەلایەن ئەمریکاوە بە واتای پەکخستنی تەواوەتی سەرچاوەی دارایی تاران دێت.
هەروەها ئۆپەراسیۆن بۆ
دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆم, واشنتن تاوتوێی ناردنی هێزی زەمینی بۆ ناو قووڵایی خاکی
ئێران دەکات تاوەکوو دەست بەسەر ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەدا بگرن کە لە بنکە ژێرزەمینییەکاندا
شاردراوەتەوە.
هاوکات کۆنترۆڵکردنی کەناراوەکانی
هورمز، ناردنی هێز بۆ سەر کەناراوەکانی ئێران بە مەبەستی پاراستنی تێپەڕبوونی تانکەرە
نەوتییەکان و تێکشکاندنی ئەو چەکانەی هەڕەشە لە کەشتیوانی دەکەن.
بەرپرسانی ئەمریکی
ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەرچەندە هێشتا بڕیاری کۆتایی بۆ دەستپێکردنی داگیرکەریی
زەمینی نەدراوە، بەڵام جێگیرکردنی ئەم هێزە گەورەیە توانا جەنگییەکانی ئەمریکا بەهێزتر
دەکات و دەستی ترەمپ واڵا دەکات بۆ هەر ئۆپەراسیۆنێکی کتوپڕ.
PM:11:07:30/03/2026
ئهم بابهته 124
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت