وتەبێژی کۆشکی سپی: گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران بە ئاراستەیەکی باشدا دەڕۆن
وێستگەنیوز-
وتەبێژی کۆشکی سپی
ئاشکرای کرد گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران بەردەوامن و بە ئاراستەیەکی باشدا دەڕۆن جەنگی
دژ بە ئێران بەرەو قۆناغی کۆتایی دەچێت.
دووشەممە 30ـی ئاداری
2026، کارۆلاین لێڤت، سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا
رایگەیاند، کە چوارچێوەی کاتیی دیاریکراو بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران هێشتا وەک
خۆیەتی و پێشبینی دەکرێت لە نێوان 4 بۆ 6 هەفتە جەنگەکە کۆتایی بێت.
لێڤت سەرنجی خستە سەر
ئەو گورزە کوشندانەی بەر سوپای تاران کەوتوون و وتی: "ئێمە 70%ـی پیشەسازییە
سەربازییەکانی ئێرانمان وێران کردووە و توانای مووشەکی و درۆنەکانی ئەو وڵاتە بە رێژەی
90% کەمی کردووە، هەروەها زیاتر لە 150 کەشتیی جەنگیی ئێرانی بە تەواوی تێکشکێندراون."
سەبارەت بە دۆخی گەرووی
هورمز، کۆشکی سپی رایگەیاند کە پێشبینی دەکەن لە چەند رۆژی داهاتوودا 20 تانکەری
نوێ بە ناو گەرووەکەدا تێپەڕ بن، بەڵام جەختی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بە
هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدا نییە ئێران باج و سەرانە بەسەر کەشتییەکاندا بسەپێنێت. لێڤت
هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و گوتی: "ئەمە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ ئێران
تاوەکوو رێککەوتن واژۆ بکات، ئەگەر نا رووبەڕووی لێکەوتەی زۆر سەخت دەبنەوە."
لەسەر ئاستی دیپلۆماسی،
سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی ئاشکرای کرد کە ئەوەی ئێرانییەکان بە ئاشکرا دەیڵێن
زۆر جیاوازە لەوەی لە کۆبوونەوە نهێنییەکاندا باسی دەکەن. باسی لەوەش کرد، گفتوگۆکان
بەردەوامن و بە ئاراستەیەکی باشدا دەڕۆن. ئێمە هەر بەڵێنێک کە لایەنی ئێرانی دەیدات،
هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین تاوەکوو بزانین چەندە پابەندی قسەکانی خۆیان دەبن."
PM:10:02:30/03/2026
ئهم بابهته 324
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت