ترەمپ: دەمەوێت دەست بەسەر دوورگەی خارگ و نەوتی ئێراندا بگرم
وێستگەنیوز-
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "فایننشاڵ تایمز" ڕایگەیاندووە، "دهیهوێت دەست بەسەر نەوتی ئێران و دوورگەی خارگدا بگرێت".
هەروەها ئهگهری ئهنجامدانی ئەم هەنگاوەی، چواند بە ههمان بارودۆخی ڤەنزوێلا، دوای دەستبەسەرکردنی سەرۆک نیکۆلاس مادۆرۆ.
ترەمپ دهڵێت، "بۆ ئەوەی لەگەڵتان ڕاستگۆ بم، شتە دڵخوازەکەی من دەستبەسەرداگرتنی نەوتی ئێرانە، بەڵام هەندێک گەمژە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەڵێن: بۆچی ئەم کارە دەکەیت؟. وهلێ ئەوانە خەڵکانێکی گەمژەن".
ترەمپ بۆ ڕۆژنامەکە ڕوونی کردەوە، "ڕەنگە دوورگەی خارگ بگرین، ڕەنگە نەشیگرین. بژاردەی زۆرمان لەبەردەستە. ئەمەش بەو مانایەیە کە دەبێت بۆ ماوەیەک لەوێ- له دوورگەی خارگ- بمێنینەوە".
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دۆخی بەرگرییەکانی ئێران لەو دوورگەیە، ترامپ وتی، "پێموانییە هیچ بەرگرییەکیان هەبێت. دەتوانین زۆر بە ئاسانی دەستی بەسەردا بگرین".
شایەنی باسە ئەم دوورگەیە نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی ئێرانەوە دوورە، لە ناوەڕاستی مانگی ئازاردا کەوتە بەر هێرشی ئەمریکا. ئهم دورگهیه، بەپێی ئامارەکانی بانکی "جەی پی مۆرگان"ی ئەمریکی، گەورەترین بەندەرە نەوتییەکانی ئێرانی تێدایە و نزیکەی 90%ی هەناردەی نەوتی خاوی ئەو وڵاتە دابین دەکات.
ترەمپ جەختی کردەوە، جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل گۆڕانکاریی لە ڕژێمی ئێراندا بەدیهێناوە، لە هەمان کاتدا دووپاتی کردەوە کە "ڕێکەوتنێک" لەگەڵ ئێرانییەکان واژۆ دەکات.
ترەمپ لەناو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا بە ڕۆژنامەنووسانی وت، "پێموایە ڕێکەوتنێکیان لەگەڵدا دەکەین، دڵنیام لەوە، بەڵام ئێمە گۆڕانی ڕژێم دهبینین"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو ژمارە زۆرەی سەرکردە ئێرانییانەی کە لەو جەنگەی نزیکەی مانگێکە بەردەوامە، کوژراون.
سهرۆكی ئهمریكا له بهشێكی دیكهی لێدوانهكهیدا دهڵێت، "ئێمە مامەڵە لەگەڵ کەسانێکی جیاواز دەکەین کە پێشتر کەس مامەڵەی لەگەڵ نەکردوون. ئەمانە گروپێکی تەواو جیاوازن، بۆیە من ئەوە بە گۆڕانی ڕژێم دادەنێم".
هەروەها ترامپ باسی لهوه كرد ویلایەتە یەکگرتووەکان، لەگەڵ ئێراندا وتووێژی سەبارەت بە تێپەڕبوونی 20 تانکەری نەوت بە ناو گەرووی هورمزدا كردووه، کە تاران لە سەرەتای جەنگەکەوە، بە کردەیی گهرووهكهی داخستووه و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی توندی نرخی سووتەمەنی.
ترەمپ لە کۆتاییدا وتی، "بە بڕوای من، وهك جۆرێك له رێزگرتن، 20 تانکەری نەوتیان پێداین"، ئاماژەی بەوەش کرد ئەوانە "تانکەری زەبەلاحن و بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن، ئەم پرۆسەیەش بەیانی دەستپێدەکات و بۆ چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت".
AM:11:14:30/03/2026
ئهم بابهته 352
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت