ئیسرائیل: لە یەمەنەوە موشەک ئاڕاستەی وڵاتەکەمان کراوە


وێستگەنیوز-

لەپاش هەڕەشەکانی شەوی رابردووی حوسییەکانی یەمەن لە ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، موشەکێکیان دەستنیشان کردووە کە لە خاکی یەمەنەوە بەرەو ئیسرائیل ئاراستە کراوە.

ئەمڕۆ شەممە 28ـی ئاداری 2026، بە پێی بەیاننامەیەکی سوپای ئیسرائیل، سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی دەستبەجێ کەوتوونەتە کار بۆ شوێنکەوتن و تێکشکاندنی مووشەکەکە لە ئاسماندا، هاوکات میدیاکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە کردووە، دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە شارۆچکەی گەشتیاری ئیلات و ناوچەی نەقب لە باشووری وڵاتەکە بیستراوە.

ئەم بۆردومانە لە دوای ئەوە دێت، کە حوسییەکانی یەمەن راگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "دەستیان لەسەر پەلەپیتکەیە" بۆ دەستوەردانی سەربازیی راستەوخۆ لە ئەگەری بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر ئێران و وڵاتانی "بەرەی مقاوەمە."

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی یەمەن ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوەی لە ناوچەکە روودەدات "پلانێکی زایۆنییە" بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ گۆڕینی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دروستکردنی ئەوەی ناویان ناوە "ئیسرائیلی گەورە."


AM:10:44:28/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 248 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت