ترەمپ: ئێران ئێستا دەپاڕێتەوە بۆ واژۆکردنی رێککەوتن


وێستگەنیوز-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە میانی بەشدارییکردنی لە کۆڕبەندی دەستپێشخەری ئایندەی وەبەرهێنان، راگەیاند، ئێران بەهۆی ئەو شکستە گەورانەی بەسەریدا هاتووە، ئێستا دەپاڕێتەوە بۆ واژۆکردنی رێککەوتن.

شەممە 28ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە میانی بەشدارییکردنی لە کۆڕبەندی دەستپێشخەری ئایندەی وەبەرهێنان لە وتارەکەیدا گومانی خستە سەر چارەنووسی موجتەبا خامنەیی، کوڕی رێبەری باڵای ئێران و رایگەیاند: "موجتەبا خامنەیی یان کوژراوە یان بە سەختی بریندارە، چونکە تاوەکو ئێستا دیار نییە و کەس نەیبینیوە"، وتیشی، ئێستا دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک کەس نایەوێت ببێتە سەرۆکی ئێران، چونکە دەزانێت دەکوژرێت".

سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، لە رێگەی هێزی سەربازییەوە ئەو مەترسییەیان کۆتایی پێهێناوە، ترەمپ وتی: "لە ئۆپەراسیۆنی (چەکوشی نیوە شەو)دا، ساڵی رابردوو بە فڕۆکە جەنگییەکانمان بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانمان لەناوبرد و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستمان لەو هەڕەشەیە رزگار کرد"، جەختیشی کردەوە، هەرگیز رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆم.

ترەمپ باسی لەوە کرد، ترلیۆنەها دۆلاریان لە سوپای ئەمریکا خەرج کردووە و ئێستا "بەهێزترین سوپای جیهانیان" هەیە، هاوکات رەخنەی توندی لە باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا گرت و رێککەوتنی پێشووی ئەتۆمیی بە "خراپترین رێککەوتن" ناوبرد کە تێیدا 1.7 ملیار دۆلاری کاش درایە تاران.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئێستا، ترەمپ ئاشکرای کرد، ئێران بەهۆی ئەو شکستە گەورانەی بەسەریدا هاتووە، ئێستا دەپاڕێتەوە بۆ واژۆکردنی رێککەوتن و ئامادەیی نیشانداوە 8 کەشتی نەوت بۆ ئەمریکا رەوانە بکات، وتیشی: "ئێمە ئێستا لە دانوستانداین و هیوادارین بگەینە ئاشتییەکی بەرهەمدار، هەرچەندە ئێرانییەکان جاروبار لە قسەکانیان پاشگەز دەبنەوە".


AM:09:47:28/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت