روسیا رەتیدەکاتەوە هاوکاریی هەواڵگری ئیرانیان کردبێت


وێستگەنیوز-

وەزیری دەرەوەی روسیا رەتیدەکاتەوە کە وڵاتەکەی هاوکاریی هەواڵگریی بە ئێران کردبێت و دەڵێت، شوێنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا زانیاریی گشتین و پێویستییان بە هەواڵگریی روسیا نییە.

سێرگێی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا شەوى پێنجشەممە، 26ی ئاداری 2026 لە دیدارێکدا لەگەڵ کەناڵى فەرەنسا 2 رایگەیاند، مۆسکۆ و تاران خاوەنی رێککەوتنی هاوکاریی سەربازی و تەکنیکین و روسیا جۆرەها بەرهەمی سەربازیی داوەتە ئێران، بەڵام ناتوانن ئەو تۆمەتانە قبووڵ بکەن، کە دەڵێن لە رووی هەواڵگرییەوە هاوکاریی ئێرانیان کردووە.

ئاماژەی بەوە کرد، هەموو کەسێک شوێنی جوگرافیی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەزانێت و ئەمە زانیارییەکی شاراوە نییە، بۆیە سەرسام نیییە بەوەی ئێران هێرشیان دەکاتە سەر.

لاڤرۆڤ رەخنەی توندی لە بەرپرسانی ئەمریکا گرت و بە "بێباک" وەسفی کردن لە ئاست کوشتنی سەرکردەکانی ئێران.

وتی: "کاتێک ئەندامانی باڵای ئیدارەی ئەمریکا بە شانازییەوە باس لە کوشتنی رێبەر و ئەندامانی دیکەی سەرکردایەتیی وڵاتێک دەکەن، قورسە ئەمە بە هیچ شێوەیەک وەک شتێکی دیکە جگە لە بێباکى و بێڕێزی وەسف بکرێت."

ئەم لێدوانانەی لاڤرۆڤ لەکاتێکدایە کە دوێنێ وەزیری بەگری بەریتانیالە لێدوانێك بۆ كەناڵی بی بی سی رایگەیاند، "بەپێی زانیارییەكانی بەریتانیا، پێش لە دەسپێكی شەڕی ئەمریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، روسیا لەرێگەی پێدانی زانیاریی سەربازیی یارمەتی ئێرانی كردوە و لە بواری درۆن و شەڕی ئەلكترۆنی راهێنانی بە ئێرانییەكان كردوە.


PM:02:50:27/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت