حیزبوڵای لوبنان لە 24 کاتژمێردا 600 موشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە


وێستگەنیوز-

هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی کوژرانی سەربازێکی ئیسرائیلی، لە پێکدادانەکانی باشووری لوبنان و برینداربوونی 20 کەسی دیکە، کەناڵی "i24"ی ئیسرائیل ئامارێکی سەرنجڕاکێشی بڵاوکردەوە.

ئامارەکە ئاماژە بەوە دەکات لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا، حیزبوڵڵا نزیکەی 600 گوله‌ تۆپ، مووشەک و درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل و ئەو هێزانە کردووە کە چوونەتە ناو خاکی لوبنانەوە.

بەپێی کەناڵەکە، زیاتر لە نیوەی ئەم هێرشانە، ڕاستەوخۆ ئەو هێزانەیان کردووەتە ئامانج کە بەشدارن لە هێرشی زەمینی بۆ سەر لوبنان, ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند سەربازێکی "لیوای گۆلانی" لە کاتی شەڕ و پێکدادان لە باشووری لوبنان کوژراوە.

هەروەها سوپای ئیسرائیل بەیانی ئەمڕۆ، ئاشکرای کرد 20 سەربازی دیکە لە ڕووداوی جیاجیادا لەناو لوبنان بریندار بوون. شەوی ڕابردووش 15 سەرباز بەهۆی دابەزینی پلەی گەرمی جەستەیانەوە (توشبوون بە سەرمای توند) لە باشووری لوبنانەوە، گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و باری تەندروستی یەکێکیان جێگیر نییە.

بەیانی ئەمڕۆ پێنج شه‌ممه‌، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران، چەندین پارچەی مووشەک، لە شاری حەیفا و ناوچەی "کریۆت" کەوتوونەتە خوارەوە، یەکێکیان لە نزیک پەیمانگای "تەکنۆن"ی زانکۆیی کەوتووە.

له‌م باره‌یوه‌، تیمی ئاگرکوژێنەوە ڕایانگەیاند پارچەیەک لە سەنتەرێکی بازرگانی لە کریۆت کەوتووەتە خوارەوە و زیانی بە باڵەخانە و چەند ئۆتۆمبێلێکی پارککراو گەیاندووە.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند "لیوای گۆلانی" بە سەرپەرشتی فیرقەی 36، بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنە زەمینییە چڕەکانی بۆ فراوانکردنی "ناوچەی ئەمنیی پێشەوە" لە باشووری لوبنان. سوپا بانگەشەی ئەوە دەکات نزیکەی 200 ژێرخانی سەربازیی حیزبوڵڵایان تێکشکاندووە و دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا گرتووە.

لە لایەکی دیکەوە، حیزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاند دوێنێ چوارشەممە 87 ئۆپەراسیۆنی سەربازیی، دژی پێگە و شوێنی جێگیربوونی سوپای ئیسرائیل ئەنجامداوە. ئەمە بە گەورەترین ژمارەی ئۆپەراسیۆن دادەنرێت کە حیزبەکە لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەرەوە ڕایگەیاندبێت.

هه‌روه‌ها ئەمە نیشانەی هەڵکشانی توندی ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەکانە. بەپێی بەیاننامەکانی حیزبوڵڵا، زۆربەی هێرشەکان لە میحوەرەکانی (قەوزەح، تەیبە، دبڵ، خیام) بوون، کە تێیدا کۆبوونەوەی سەربازان و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان بە چڕی کراونەتە ئامانج.


PM:03:58:26/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 76 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت