عێراقچی: بۆ جیهانمان سەلماند کە کەس ناتوانێت بەرەنگارمان ببێتەوە


وێستگەنیوز-

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند بۆ جیهانمان سەلماند کە کەس ناتوانێت بەرەنگاری کۆماری ئیسلامی ببێتەوە و یاری کردن بە بەرژەوەندییەکانی ئێران لێکەوتەی زۆر سەختی دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی ئاداری 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا، وتی، کە وڵاتەکەی توانیویەتی رێگریی لە ئەمریکا و ئیسرائیل بکات لەوەی بگەن بە ئامانجەکانیان.

وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە گەرووی هورمز وتی؛ "تەنیا رێگەمان بەو وڵاتانە داوە کە وەک دۆستی خۆمان دەستنیشانمان کردوون لە گەرووەکە تێپەڕ بن، کە بریتین لە وڵاتانی چین، رووسیا، هیندستان، عێراق و پاکستان."

عێراقچی رەخنەی توندی لە وڵاتانی ناوچەکە گرت و ئاماژەی بەوە کرد، کە بەڵگەی تەواو لەبەردەستدایە کە هەندێک دەوڵەت خزمەتگوزارییان پێشکەش بە هێزە ئەمریکییەکان کردووە.

وتیشی؛ "پێویستە وڵاتانی ناوچەکە لە ئەمریکا و دەستدرێژییەکانی بۆ سەر ئێران دوور بکەونەوە، چونکە هۆشداریمان پێدابوون بەڵام جدییان وەرنەگرت."

سەبارەت دانوستانەکان، وەزیری دەرەوەی ئێران وتی؛ "ئەوەی ئێستا ئەمریکا باسی دانوستان دەکات، داننانە بە شکست؛ ئەوانەی باسی رادەستبوونی بێمەرجی ئێرانیان دەکرد، ئێستا هەموو توانای دیپلۆماسییان خستووەتە گەڕ بۆ گفتوگۆ."

عێراقچی دووپاتی کردەوە، کە ئێران خوازیاری کۆتاییهێنانە بە جەنگ بە شێوەیەک کە جارێکی تر دووبارە نەبێتەوە، نەک تەنیا ئاگربەستێکی کاتی.


PM:11:40:25/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت