شەش وڵاتی عەرەبی لەبەیاننامەیەکدا هێرشەکانی ئیرانیان ئیدانە کرد


وێستگەنیوز-

شەش وڵاتی عەرەبی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا سەرکۆنەی هێرش و دەستدرێژییەکانی ئێرانیان کرد و هاوکات داوایەکی بەپەلەشیان ئاراستەی حکومەتی عێراق کرد.

رۆژی چوارشەممە، 25ـی ئاداری 2026، شەش وڵاتی عەرەبی لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا، هەڵوێستی توندی خۆیان لە بەرامبەر ئەو هێرشانە نیشاندا کە وەک "دەستدرێژییەکانی ئێران" وەسفیان کرد، هاوکات داواش لە حکومەتی عێراق دەکەن رێوشوێنی پێویست بۆ راگرتنی ئەو هێرشانە بگرێتە بەر کە لە خاکەکەیەوە ئاراستەی وڵاتانی دراوسێ دەکرێن.

لەو بەیاننامە هاوبەشەکەدا کە هەریەک لە وڵاتانی کوەیت، ئیمارات، بەحرەین، سعوودییە، قەتەر و ئوردن واژۆیان کردوە، هاتووە؛ "ئێمە جارێکی دیکە سەرکۆنەی دەستدرێژییەکانی ئێران دەکەین، چ ئەو هێرشانەی بە شێوەی راستەوخۆ ئەنجام دەدرێن، یان ئەوانەی لە رێگەی چەند گرووپێکی چەکدار لە ناوچەکەدا جێبەجێ دەکرێن."

هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە، کە بە توندی سەرکۆنەی هێرشی ئەو گرووپە چەکدارانە دەکەن کە لە خاکی عێراقەوە وڵاتانی ناوچەکە دەکەنە ئامانج.

ئەو شەش وڵاتە عەرەبییە داوایان لە دەسەڵاتدارانی عێراق کردووە، کە بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبگرن و ڕێوشوێنی کردەیی بگرنە بەر بۆ راگرتنی ئەو هێرشانەی لە خاکی عێراقەوە بەرەو وڵاتانی دراوسێ ئەنجام دەدرێن، بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیری و دراوسێیەتییەکی باش.

لە بەشێکی دیکەدا هاتووە؛ "ئێمە جەخت لە مافی تەواوەتی و بنەڕەتیی خۆمان دەکەینەوە بۆ بەرگریکردن لە خۆمان لە بەرامبەر ئەم هێرشە تاوانکارییانە."

ئەم بەیاننامە هاوبەشە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەر بە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان داوا دەكات ئێران قەرەبووی ئەو زیانانە بكاتەوە كە بەهۆی هێرشەكانیەوە بۆ سەر وڵاتانی كەنداو بەریانكەوتووە.


PM:08:58:25/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت