ترەمپ: گفتوگۆی زۆر باش لە نێوان ئەمریکا و تاران بەڕێوەچووە


وێستگەنیوز-

سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت بە ئازادی بەسەر ئاسمانی شاری تاراندا دەسوڕێنەوە، ئەوەشی ئاشکراکرد، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە گفتوگۆی زۆر باش لە نێوان واشنتۆن و تاران بەڕێوەچووە.


دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "هێزە چەکدارەکانی ئێران هەموو توانا جەنگییەکانیان لەدەستداوە، ئێران چیتر نە هێزی دەریایی ماوە و نە هێزی ئاسمانی، تەنانەت سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیشیان تێکشکاون".

ئاماژەی بەوەکرد، "ئێمە ئێستا بە تەواوی بە ئازادی بەسەر ئاسمانی شاری تاراندا دەسوڕێینەوە و هەرچییەک بمانەوێت دەتوانین ئەنجامی بدەین، ئەوەی ئێستاش لە ئێران دەگوزەرێت وەك گۆڕینی سیستمەكەی وایە، موجتەبا خامنەییش برینەكەی گەورەیە".

ترەمپ وتی، "ئێران 101 مووشەکی ئاراستەی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (ئەبراهام لینکۆڵن) کردووە، بەڵام سیستمە بەرگرییەکانی ئەمریکا توانیویانە هەر 101 مووشەکەکە لە ئاسماندا بپێکن و بیخەنە ناو دەریاوە، ئەوان هەوڵی خۆیاندا، بەڵام تاکە یەک مووشەکیان نەگەیشتە ئامانج".

سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی ئاشکراکرد، "ئێوارەی رۆژی یەکشەممە گفتوگۆی زۆر باش لە نێوان واشنتۆن و تاران بەڕێوەچووە، ئێران خۆیان پەیوەندییان کردووە، چونکە بە جددی دەیانەوێت رێککەوتن بکەن، هەروەها من فەرمانم داوە بۆ ماوەی 5 رۆژ بۆردوومانی وێستگەکانی کارەبا رابگیرێت، تاوەکو بزانین ئەم گفتوگۆیانە بە کوێ دەگەن".

وتیشی، "جەی دی ڤانس، مارکۆ رۆبیۆ و جارد کوشنەر، ستیڤ ویتکۆف لە تیمی دانوستاندکارن و لەگەڵ کەسایەتییەکی باڵا و ڕێزلێگیراوی ئێرانی قسە دەکەن".

ترەمپ جەختی لەوەشکردەوە، "مەرجی سەرەکی بۆ هەر رێککەوتنێک نەهێشتنی تەواوەتی بەرنامەی ناوەکیی ئێرانە".


PM:10:17:24/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 392 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت