سێ چەکی نهێنیی ئەمریکا ڕەنگە چارەنووسی شەڕی ئێران یەکلایی بکەنەوە


وێستگەنیوز-

ناوەندە ئەمنییەکانی تەلئەبیب، پەردەیان لەسەر سێ چەکی نهێنیی ئەمریکا لادا، کە پێیانوایە توانای ئەوەیان هەیە، لە کەمترین ماوەدا، شەڕی دژ بە ئێران یەکلایی بکەنەوە.


ماڵپەڕی "ئای ٢٤ نیوز"ی ئیسرائیلی، بڵاویکردەوە، هەرچەندە له‌ ئێستادا، جۆری ئەو چەکانەی ئەمریکا، لە شەڕەکەدا بەکاریان دەهێنێت روون و ئاشكرا و دیارن. بەڵام چه‌ك و كه‌ره‌سته‌ی نوێ و پێشکەوتوو، دوور له‌ چاوی كامێراكان و له‌ پشت په‌روه‌ده‌ كارده‌كه‌ن كه‌ تا ماوەیەکی كه‌م له‌مه‌وبه‌ر، زۆر به‌ نهێنی مابوونه‌وه‌.

چەکی ڤێربێك/ The Verb


ئەو چەکانەی باسیان لێوه‌ ده‌كرێت، پشت بە تەکنەلۆژیای داهێنەرانە دەبەستن کە دەتوانن ڕێڕەوی شەڕەکە بە تەواوی بگۆڕن. بەگوێرەی سەرچاوەکان، ئەو جەنەراڵانەی لە پشت پەردەوە، ئاڵۆزترین ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە دەبەن، سەرپەرشتی چالاککردنی ئەم چەکانە دەکەن.

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ هەفتە بەسەر ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا دژ بە ئێران، دەرکەوتووە کە جیا لە هێزی ئاسمانی و هەواڵگری، هەڵمەتەکە پشت بە توانایەکی تەکنەلۆژیی زۆر باڵا دەبەستێت کە بەشێکیان هێشتا بۆ رای گشتی ئاشکرا نەکراون.

یەکەمین و نهێنیترین ئەو چەکانە، سیستمێکە واشنتۆن بە "ڤێربێك/The Verb" ناوی دەبات؛ چەکێک توانای هەیە لە چرکەساتێکدا (Real-time) سیستمە ئەلیکترۆنییەکانی ئێران ئیفلیج بکات. بەگوێرەی خەمڵاندنی سەرچاوەکانی تەلئەبیب، ئەم چەکە هێرشی کارۆموگناتیسی (EMP) ئەنجام دەدات، کە دەبێتە هۆی پەکخستنی رادارەکان، سیستمی بەرگری، پەیوەندییەکان و تەنانەت هەندێک جار کاریگەریی جەستەیی لەسەر هێزەکانی ناو مەیدانی جەنگه‌كه‌ دروست دەکات.

سه‌رچاوه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، پێشتر ئەم چەکە، لە ئۆپەراسیۆنە له‌ناكا و غافڵگیره‌ی ئەمریکا، بۆ دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤێنزوێلا، ڕۆڵێکی گەورەی بینیوە.

تڕەمپ لەو کاتەدا ئاماژەی بەوە کرد ئەم چەکە "سیستمی راداری دوژمنی ئیفلیج کردووە" و وایکردووە هێلیکۆپتەرە ئەمریکییەکان، له‌ 3ی كانوونی دووه‌می رابردوو، بەبێ هیچ زیانێکی گیانی لە کاراکاس بنیشنەوە و مادۆرۆ و هاوسه‌ره‌كه‌ی، به‌ تۆمه‌تی په‌یوسه‌ت به‌ بازرگانیكردن به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر و چه‌كه‌وه‌، دەستگیر بکەن.

له‌و كاته‌دا سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایگه‌یاند: "بۆم نییه‌ قسه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌م چه‌كه‌ بكه‌م" و پاشان وتی: "ڤێنزوێلا نه‌یانتوانی یه‌ك موشه‌ك بته‌قێنێت. ئه‌وان موشه‌كی چینی و روسییان هه‌بوو، یه‌ك دانه‌یان لێ نه‌ته‌قاند. ئێمه‌ چوینه‌ ژووره‌وه‌ و ئه‌وان په‌نجه‌یان به‌ دوگمه‌كاندا نا، به‌ڵام له‌ هیچ شتێكدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون".

هێز و توانای جیاواز

چەکی دووەم بریتییە لە تێکەڵەیەکی بێپێشینە، لە درۆنی خۆکوژ و مووشەکی "سکۆد"ی وردپێک و "سیستمی شاردنەوە" کە وا دەکات شوێنپێی هه‌ڵگرتنی چه‌كه‌كه‌، له‌ لایه‌ن راداره‌كانه‌وه‌ كه‌م ببێته‌وه‌. ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بۆ خڵه‌تاندنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران داڕێژراوە.

چەکی سێیەم پشت بە تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد (AI) دەبەستێت. ئەم تەکنەلۆژیایە ڕێگە دەدات، بڕێکی زۆر لە زانیارییەکان، لە یەک کاتدا شیبکرێنەوە، ئامانجەکان دەستنیشان بکرێن و ئەولەویەتی هێرشەکان دیاری بکرێت. پسپۆڕان دەڵێن بێ ژیریی دەستکرد، ئەمریکا نەدەیتوانی هەڵمەتێکی سەربازیی ئاڵۆزی لەم قەبارەیە، دژ بە ئێران بەڕێوە ببات.

به‌ گوێره‌ی ڕاپۆرتەکەی ماڵپەڕی "ئای ٢٤"ی ئیسرائیل، بەرپرسانی باڵای دامەزراوەی بەرگریی ئەمریکا، لە نێویاندا پیت هیگسێت، وەزیری جەنگ و دان کین، سەرۆکی فەرماندەیی هاوبەش، لە پشت پەردەوە و لە هەڵمەتە سەربازییەکەیاندا دژ بە ئێران؛ سەرپەرشتی ستراتیژێکی زۆر توندڕەوانە دەکەن، ستراتیژەکەش بریتییە لە: یەکخستنی هێزی بێوێنەی ئەمریکا و تواناکانی سوپای ئیسرائیل، بۆ بەدەستهێنانی باڵادەستیی ڕەها لە مەیدانی جەنگدا.

سەرەڕای باڵاده‌ستی ئه‌م تەکنەلۆژیایە، شارەزایان جەخت له‌وه‌ دەکەنەوە "جەنگەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە". ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە مەیدانی داهاتووی شەڕەکە، بگوازرێتەوە بۆ بۆشایی ئاسمان، بە ئامانجی لێدانی مانگە دەستکردەکان و ژێرخانە ستراتیژییەکان.

لە کۆتاییدا، ئەم شەڕەی ئێستا تەنیا ململانێیەکی سەربازی نییە، بەڵکو "تاقیگەیەکی زیندووە" بۆ تاقیکردنەوەی تەکنەلۆژیاکانی داهاتوو، کە سیمای جەنگ لە دەیەکانی داهاتوودا دیاری دەکەن.


PM:10:45:23/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 708 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت