ئێران: ترەمپ درۆ دەكات هیچ گفتوگۆیەكمان نیە


وێستگەنیوز-

بەرپرسێكی ئەمنی باڵا لەلێدوانێك بۆ میدیاكانی ئێران "دانوستان و گفتوگۆ" لەگەڵ ئەمریكا رەتدەكاتەوە و قسەكانی دۆناڵد ترەمپ بە درۆ دەخاتەوە.

ماڵپەڕی تەسنیم، لە زاری بەرپرسێكی ئەمنی باڵای كۆماری ئیسلامی رایگەیاند ترەمپ پاش ئەوەی زانی كە هەڕەشە سەربازییەكانی ئێران جیدین لە قسەكانی خۆی پاشگەز بووەوە.

سەرچاوەكە باس لەوەش دەكات كە گوشارەكانی بازاڕە داراییەكان لە ناخۆی ئەمریكا هۆكارێكی دیكەی بۆ پاشگەزبوونەوەی ترەمپ لە هەڕەشەكانی.

ماڵپەڕەكەی لەزاری ئەو بەرپرسە باڵایەوە دەنوسێت "هیچ دانوستان و گفتوگۆیەك لەنێوان ئێران و ئەمریكا لە ئارادا نیە و بەم جۆرە شەڕی دەروونییەش نە گەرووی هورمز بۆ دۆخی پێش جەنگ دەگەڕێتەوە نە ئارامی بۆ بازاڕەكانی وزە".

وتیشی "دەرفەتی 5 رۆژەی ئەمجارەی ترەمپ واتە بەردەوامی پلانەكانی ئەم رژێمە دژی خەڵكی ئێران و ئێمەش لە بەرگریكردن لەخۆمان بەردەوام دەبین".

وتەکانی ئەو بەرپرسەی ئێران لە کاتێکدایە کە کەمێک پێش ئێستا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە پەیامێکدا رایگەیاند "خۆشحاڵم بە راگەیاندنی ئەوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتی ئێران، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، گفتوگۆی زۆر باش و بەرهەمداریان هەبووە سەبارەت بە چارەسەرکردنی تەواو و هەمەلایەنەی دوژمنایەتییەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".


 


PM:03:08:23/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 276 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت