ئێران: لە ئەگەری بەئامانجگرتنی وێستگەکانی وزە، گەرووی هورمز بە تەواوی دادەخرێت


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی ئاداری 2026، ئیبراهیم زولفەقاری، وتەبێژی بارەگای ناوەندیی "خاتم ئه‌نبیا" ڕایگەیاند "ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەڕەشەکانی بۆ بەئامانجگرتنی وێستگەکانی وزەی ئێران جێبەجێ بکات، ئەوا ئێران گەرووی هورمز بە تەواوی دادەخات".


وتەبێژەکە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد "ئێستا گەرووەکە، تەنها بەڕووی دوژمندا داخراوە و هاتوچۆی بێ زیان، بەپێی ئەو ڕێکارانەی کە ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی ئێران دەپارێزن، بەردەوامە".

هەروەها وتیشی "هەر هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر وێستگەکانی وزە، دەبێتە هۆی گرتنەبەری ڕێکاری سزایی، لەوانە داخستنی تەواوەتی گەرووی هورمز تا کاتی دووبارە بونیادنانەوەی وێستگە زیانلێکەوتووەکان".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا ده‌ڵێت، "بە ئامانجگرتنی تەواوی وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی وزە و تەکنەلۆژیای زانیاریی، سەر بە قەوارەی زایۆنی و تێکشکاندنی ئەو کۆمپانیا هاوشێوانەی ناوچەکە کە ئەمریکییەکان پشکیان تێیدا هەیە، لەگەڵ ناساندنی وێستگەکانی کارەبا لەو وڵاتانەی ناوچەکە کە میوانداری بنکە ئەمریکییەکان دەکەن، وەک ئامانجی ڕەوا".

وتەبێژەکە جەختیشی کردەوە ئێران ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی "جیهادێکی گەورە" بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆی، ئاماژەی بەوەش کرد وڵاتەکەی دەسپێشخەری شەڕ نەبووە و نابێت، بەڵام هەر زیانێک بگاتە وێستگەکانی، بە وەڵامێکی بەردەوام ڕووبەڕوو دەبێتەوە، بۆ تێکشکاندنی ژێرخانی وزە، نەوت و پیشەسازی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا.


PM:06:52:22/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 64 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت