ناتانیاهۆ: کاتی هاتووە وڵاتانی دیکەش بەشداری شەرەکە ببن


وێستگەنیوز-

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە وڵاتانی دیکەش هاوشانی خۆیان و ئەمریکا بەشداریی جەنگی ئێران بکەن.


ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی ئاداری 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە سەردانێکی مەیدانی بۆ شوێنی لێدانی موشەکەکانی ئێران رایگەیاند، "کاتی ئەوە هاتووە سەرکردەی وڵاتانی دیکەش بێنە ناو جەنگەکەوە و هەندێکیان دەستیان بە جووڵە کردووە بەو ئاراستەیە".

بنیامین ناتانیاهۆ لە لێدوانێکدا سەبارەت بە دۆخی ئێستای ناوچەکە ئاماژەی بەوە کرد، "هیوادارن ئەو بارودۆخە بڕەخسێنن رێگە بە رووخانی رژێمی ئێران بدات".

روونیشی کردەوە، "لە ئێستادا ئیسرائیل لە ململانێیەکی سەختدایە پەیوەندی بە مانەوەی وڵاتەکەیانەوە هەیە لە ناوچەکەدا".

سەبارەت بە هێرشە موشەکییەکانی سەر وڵاتەکەی، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەوەشی خستە روو، "زەنگی ئاگادارکردنەوە 10 خولەک پێش کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکە لە شاری عەراد لێدرا، بەڵام هەندێک لە خەڵکەکە روویان لە پەناگەکان و شوێنە ئارامەکان نەکرد".

دەزگای فریاگوزاریی ئیسرائیل رایگەیاند، "بەهۆی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر عەراد 84 کەس بریندار بوون و دۆخی تەندروستیی 10یان سەختە. ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەی بریندارانی هێرشەکەی دیمۆناش 60 کەسی تێپەڕاندووە و برینی ژمارەیەکیان سەختە".

ئەمە لە کاتێکدایە، شەوی شەممە 21ی ئاداری 2026، سوپای پاسدارانی ئێران ژمارەیەک مووشەکی بالیستی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، دووانیان لە کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکانی هەردوو شاری عەراد و دیمۆنا کەوتنە خوارەوە.

سوپای پاسداران ڕایگەیاندوە، "لەو هێرشانەدا کە بەموشەکەکانی فەتاح‌و قەدرو عیماد ئەنجامدراون، ناوچەکانی (عەراد، دیمۆنا، ئیلات، بێر سەبع‌و کریات گەت) بەوردی پێکراون‌و بونەتە هۆی کوژران‌و برینداربونی زیاتر لە 200 کەس".



 


PM:02:58:22/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت